رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق یاسای قەدەخەى هاوڕەگەزخوازی و درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى واژۆکرد و بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى نارد بۆ ئەوەی بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى فەرمانگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکایەتیى کۆمار، جگە لە خشتەى بودجەى 2024، لەتیف رەشید، سەۆککۆمار واژۆى لەسەر سێ یاسا کردووە.
ئەو یاسایانەى کە واژۆیان لەسەر کراوە بریتین لە هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشی کە 'لادانى سێکسى'ی بۆ زیادکراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازی. یاسایەکى دیکە هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانە کە تێیدا تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ 65ى کانوونى دووەمى 2025 درێژکرایەوە. سێیەم یاساش هەموارى رێکخستنى بەکرێدانى زەویى کشتوکاڵییە.
لەدواى واژۆکردنى ئەو یاسایانە، رەوانەى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى کران تاوەکو بڵاوبکرێنەوە و بە فەرمى بکەونە بوارى جێبەجێکردن.
هەموارى یاساى بنەبڕکڕدنى لەشفرۆشی سزاى هاوڕەگەزخوازى بۆ زیاد کراوە، کە دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن و 10 ملیۆن دینارى پێبژاردن.
پەرلەمانى عێراق لە 27 ى نیساندا هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشی پەسەندکرد. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەر کەسێک لە نێوان دەنگدانى پەرلەمان لەسەر هەموارى یاساکە تاوەکو بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراق، تۆمەتى هاوڕەگەزخوازى ئاڕاستە کرابێت، بەو یاسایە سزا نادرێت.
درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، کە 20ى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ وەک رۆژى دەنگدان دیاری کراوە.
دارا سێکانیانى گوتى: "بەگوێرەى هەموارى یاساکە، تەمەنى کۆمیسیۆن لە رۆژى دەنگدانەوە لە پەرلەمان هەژمار دەکرێت نەک لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراق و تەمەنەکەشی بەگوێرەى یاساکە دیاری کراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ