رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى فیدراڵى بڕياريدا، مانگى ئەیلوولى داهاتوو مامەڵەى کاخەزیی لە گومرگەکاندا رابگرێت و بیکاتە ئەلیکترۆنى. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 2016وە کار بەو سیستمە دەکرێت و بڕیارە سەرجەم گومرگەکان لە عێراق پێکەوە ببەسترێنەوە.
ئەو بڕیارەى حکومەتى عێراقى لە کۆبوونەوەیەکدا بووە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەستنەوەى دەروازە سنوورییەکان بە یەکدی و جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى گومرگى.
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا مانگى ئەیلوولى داهاتوو کارکردن بە سیستمى کاخەزیى لە خاڵە سنوورییەکان رابگرێت، کار بە سیستمى ئەلیکترۆنى بکرێت و کار بکرێت بۆ تەواوکردنى سیستمى بە ئۆتۆماتیککردنى گومرگ.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵى 2016وە لە خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان کار بەو سیستمە دەکرێت و "پێش حکومەتى فیدراڵى کەوتوون"، بڕیارە سەرجەم گومرگەکانى عێراق لەو رێگەیەوە پێکەوە ببەسترێنەوە.
16 دەروازەى سنووری وشکانى و دەریایی لە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵین، ئەوە جگە لە یەکەى گومرگى لە هەر چوار فڕۆکەخانەى بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف.
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق بۆ ئەوەیە کە سیستمى ئۆتۆماتیکى مامەڵەى گومرگیى جێبەجێبکرێت، کە بە "ئەسکۆدا" ناسراوە.
ئەسکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ