رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رەتیکردەوە لە دەستلەکارکێشانەوەیەکی بە کۆمەڵدا شەش راوێژکار و شارەزا دەستیان لە کار کێشابێتەوە و دەڵێت، هیچ دەستلەکارکێشانەوەیەک پێشکێش نەکراوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی راوێژکاری ئەمنی و پێنج شارەزای دیکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوێکەدا هاتووە، "سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تەواوەتی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا باسدەکرێن لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆمار، جەختدەکەینەوە هیچ دەستلەکارکێشانەوەیەک پێشکێشی سەرۆککۆمار نەکراوە".
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "لەو کاتەی جەختدەکەینەوە سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوامە لە کارەکانی بۆ خزمەتی هەموو عێراقییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات، دووپاتیدەکەینەوە سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوام دەبێت لە راوەدونانی یاساییانەی ئەو کەسانەی ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە".
ئەمڕۆ لە ژمارەیەک وێبسایتی هەواڵیی عێراق و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی شەش راوێژکار و شارەزا لە لای سەرۆککۆمار بڵاوکرایەوە، هۆکارەکەشیان بەپێی یەکێک لەو سەرچاوانەی گوایە هەواڵەکەی بە میدیاکانی عێراق داوە، ناڕەزایەتی بووە لەو پارانەی سەرۆککۆمار عەبدولەتیف رەشید خەرجیان دەکات و "ئەو شڵەژانە کارگێڕی و یاساییەی لە سەرۆکایەتیی کۆماردا هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ