وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 15 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن

27-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، 15 ملیۆن چەک بە دەستی هاووڵاتیانەوەن و بەردەوام دەبن لە تۆمارکردنیان. راشیگەیاند، ژمارەیەک شوێن و پەیجی سۆشیاڵ میدیایان داخستووە، کە تایبەت بوونە بە فرۆشتنی چەک.

عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی لیژنەی رێکخستن و سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە بە ئاژانسی فەرمییی عێراقی راگەیاند: "قۆناخی یەکەمی پرۆسەی تۆمارکردنی چەکە بێمۆڵەتەکانمان تۆمارکردووە، ژمارەیەک پەیجی سۆشیاڵ میدیا و شوێنەکانی فرۆشتنی چەکمان داخستوون."
 
گوتەبێژی لیژنەی رێکخستن و سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت مەزەندە دەکات 15 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت لە عێراق هەبن، بەڵام دەڵێت، ئەمە ژمارەی کۆتایی نییە، ئەوانە ئەو چەکانەن کە هاووڵاتیان بەهۆی شەڕەکان و بازرگانیی ناڕەواوە دەستیانخستووە، وەزارەتیش بەردەوامە لە تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و قۆناخی یەکەم تەواو بووە و قۆناخی دووەم دەستیپێکردووە.
 
سەبارەت بە کۆمەڵەی راوچییان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "کۆمەڵەکە مۆڵەتی هەڵگرتن و بوونی چەکی راوکردن نادات، هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکانە پێشێلکاریی یاساییە، پێویستە ئەو چەکانە تۆمار بکرێن."
 
بەگوتەی قەیسی، وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی فرۆشتنی چەکی بۆ هیچ نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی چەکی نوێ نەداوە و نوێشی نەکردووەتەوە، سەرجەم ئەو شوێنانەی تایبەت بوون بە فرۆشتنی چەک داخراون. دەشڵێت، هەرکەسێک چەک بفرۆشێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی راگەیاند و گوتی: "بە پشتبەستن بە بڕگەی 6ـی مادەی 1ـی یاسای 51ـی ساڵی 2017ـی تایبەت بە چەک و بە پشتبەستن بە بڕگەی نۆیەمی مادە 21ـی کارنامەی حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان؛ بەپێی مادەی 2ـی یاسای وەزارەتی ناوخۆی ژمارە 20ـی ساڵی 2016، دەست بە پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و نەهێشتنی دەکرێت."
 
بەگوێرەی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، لە عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت هەن، جگە لە ملیۆنان پارچە چەکی دیکە کە بە "چەکی حکومەت" دەناسرێتەوە.
 
بەپێی یاسای چەک لە عێراق، ژمارە 51ـی ساڵی 2017، هەر هاووڵاتییەکی عێراقیی خێزاندار دەتوانێت چەکێکی ئاسایی بچووک یان دەمانچەیەکی لەگەڵ 50 فیشەک بۆ دەمانچە و 200 فیشەکی بۆ چەک هەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.