شاندێکی یەکێتیی مامۆستایان بۆ حەوت دۆسییە لە بەغدایە

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ حەوت دۆسیە لە بەغدایە. شاندەکە سەردانی ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە دەکات. بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆکۆمار کۆببێتەوە و بەجێکردنی مووچە و بڕیارەکانی داگەی فیدراڵی لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانیانن.
 
بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندەکە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک لە بەغدایە و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرانی پەروەردە و داد و پەرلەمانی عێراق و سەندیکای مامۆستایان کۆبووینەتەوە، بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆببینەوە."
 
روونیشیکردەوە: " ئێمە بۆ ژمارەیەک دۆسیە سەردانی بەغدامان کردووە، لەنێویاندا بەدواداچوون بۆ بڕیاڕەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، چونکە هەست دەکەین سستیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە دادگەکە بڕیاری لێداوە، هەیە."
 
ئەو شاندە پشتگیرکردنی بڕیارەکەی دادگە بۆ بەجێکردنی مووچە یەکێکی دیکەیە لە دۆسیەکانیان، جگە لەوە داوایان کردووە پەلە لە بەجێکردنی مووچە بکرێت.
 
ئەندامەکەی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەکرد، لەگەڵ ئەو بەرپرسانە باسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشیان کردووە، سەرباری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
دۆسیەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەوە مەبەستە، یەکێکی دیکە بووە لە ئەجێندای شاندەکە، لەگەڵ جیاوازینەکردن لە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان.
 
بەرهەم مستەفا لەوبارەیەوە روونیکردەوە، بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەکو زانکۆی گەرمیان و چەرموو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدا نەنراوە، بەو پێیە ژمارەیەک لە سێ یەکەمەکانی ئەو زانکۆیانە لە دامەزراندن بێبەش دەبن. "بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەشمان پێدرا."
 
شاندەکە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کۆبووەتەوە، باسی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ سەر میلاکی حکومەتی ناوەند کردووە. 
 
رۆژی 21ـی شوباتی ئەم ساڵ دادگەی فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکیدا داوای بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کرد، هەروەها 22ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگاکە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەندکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند لەبارەی بابەتی بەجێکردنی مووچەوە کێشەیان هەیە، حکومەتی کوردستان دەڵێت ئەو کارە لەرێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە بکرێت، حکومەتی عێراقیش داوا دەکات لە بانکەکانی حکومەتی عێراق بکرێت.
 
تاوەکو ئێستا لەرێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیان بۆ کراوەتەوە.
 
رۆژی 18ـی ئایار، وەزارەتی دارایی یەکەم لیستی رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) نارد تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە. لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتبوو.
 
رۆژی 23ـی ئایار دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ناو و زانیاریی 453 فەرمانبەر تێدا بوو ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.