وەزیری دارایی لەبارەی بەجێکردنی مووچە و بودجەی کوردستانەوە چی گوت؟

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پلاناندن بۆ تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق کۆبوونەوە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت: "وەزیری دارایی گوتی بابەتی بەجێکردنی مووچە پەیوەندیی بە ئەوەوە نییە."
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی خشتەکانی تایبەت بە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی تەوتینەوە پرسیامان لە وەزیری دارایی کرد، ئەو گوتی، پەیوەندیی بەو بابەتەوە نییە و پرسیارەکانی وەڵامنەدایەوە، بەڵام گوتی، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەیە."
 
سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان لە خشتەکاندا، ئەو ئەندامە قسەکانی وەزیری دارایی دەگوێزێتەوە و دەڵێت: "پێیگوتین ئەو بڕەی دیاریکراوە، راستە زیادیکردووە، بەڵام ئەو بودجەیە پەیوەستە بە رادەستکردنی داهاتەکانی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت، ئەگەر ئەو دوو خاڵە بەدی نەیەت بودجەی هەرێمی کوردستان نانێردرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی باسی ئەژماردنی خەرجی و داهاتەکانی لەنێوان وەزارەتی دارایی ناوەند و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنچینانە پارە بنێردرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی، وەزیری دارایی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی لەسەر زیادکردنی بودجەی عێراق بۆ ئەم ساڵ دایەوە. "بەهۆی زۆریی ئەو پارەوەیە کە بۆ بودجەی پڕۆژەکان تەرخانکراوە، بەشێوەیەک 146 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکان و 27 تریلیۆن دیناریش بۆ پارێزگاکان."
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر وەزیری دارایی "حکومەتی عێراق دەیەوێت لەماوەی پێنج ساڵدا سەرجەم پڕۆژە تەواونەکراوەکان تەواو بکرێت."
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەیانەوە رایگەیاند: "یەکێک لە تێبینییەکانم لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەناو یاساکە ئەوەیە لە کۆی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ عێراق کە زیاتر لە 55 تریلیۆن دینارە، بڕی 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە."
 
لە کاتێکدا لەو بڕە "دوو تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و لە بنەڕەتدا خەرجی بەگەڕخستن و سیادییە. نابێت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و خەرجی وەبەرهێنان هەژماربکرێت." 
 
دەشڵێت: ئەو ژمارەیە بووەتە هۆکاری گەورە دەرکەوتنی پشکی هەرێمی کوردستان و بووەتە مایەی گازندەی پارێزگاکانی دیکە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، زۆربوونی خەرجییەکان، زۆریی کورتهێنانی بودجە، کەمی داهاتە نانەوتییەکان، چۆنێتی دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان، زۆرترین گفتوگۆ و پرسیاریان لەبارەوە ئاراستەی وەزیران کراوە.
 
وەزیری پلاندانانی عێراق باسی لەوە کردووە پلانێکی تۆکمە و چەند ساڵەیان بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان هەیە. زۆربوونی پڕۆژەکانیش لەلایەن وەزیری داراییەوە بە پاساوی گەورەکردنی قەبارەی بودجە لێکدراوەتەوە.