شاخەوان عەبدوڵڵا بە نووسراوی فەرمی داوای راگرتنی کارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی بۆ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە و داوای دەستکاریکردنی ئەندامانی لیژنەی دارایی دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، دوای نووسراوەکە، کارەکانی لیژنەی دارایی راگیران.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی 27-05-2023 نووسراوی بۆ لیژنەی دارایی کردووە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵپشت بە مادەی 73 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق؛ نابێت ئەندامانی لیژنە لە 21 کەس زیاتر بن و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە دەستکاری ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکات، کە لە دوو ئەندام زیاتر نەبێت بە گواستنەوە یان زیادکردنیان.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، تێبینی کراوە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو لە لیژنەی دارایی 24 کەس بووە، ئەمەش سەرپێچییەکی روونی مادەی ئاماژە بۆ کراوە و، دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدراوە دەستکاری بکەن و ئەندامانی زیاد بکات، بە شێوەیەک دوو ئەندام زیاتر نەبێت، تاوەکو ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نابێت لە 23 کەس زیاتر بێت، پێچەوانەی ئەمە، زیادبوونی ئەندامانی لیژنە لە دەنگدان و پەسندکردن، کەموکوڕی دروست دەبێت.
 
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، لە رووی یاساییەوە هەرکاتێک ئەو نووسراوە بگاتە دەست لیژنەی دارایی، پێویستە لیژنەکە کارەکانی رابگرێت، تا ئەوکاتەی ئەو کەموکوڕییە یاساییە چارەسەر دەکرێت لە بڕیاردان و دووبارە پەیکەری لیژنەکە دابڕێژرێتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانی بکات دەبێت لە دەنگدان 23 ئەندام بن نەک 24 ئەندام و ناوی زیادە بسڕێتەوە، تاوەکو کارەکانی لەگەڵ مادەی 73 بگونجێت لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر رەچاوکردنی وردبینی لە سەلامەتی رێکارەکانی زیادکردنی ئەندامان، کە لەسەرووی ژمارەی رەسەن کە لە 21ـوە زیادکرابێت، پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر ئەو زیادبوونە بدات.  
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای گەیشتنی نووسراوەکە، لیژنەی دارایی کارەکانی خۆی راگرت و دۆخێکی گرژ لەنێو لیژنەکەدا دروست بوو. پێویستە لیژنەی دارایی بە نووسراوی فەرمی وەڵامی ئەو نووسراوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بداتەوە.