گوتاربێژی هەینیی نەجەف: نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئەرێنییە


رووداو هەولێر

گوتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف دەڵێت، نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە یەکتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەرێنییە.
 
سەدرەدین گوبانچی، پێشنوێژ و گوتاربێژی نوێژی هەیینی لە شاری نەجەف، ئەمڕۆ هەینی 27.5.2022 رایگەیاند: "پێشوازی لە نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە یەکتر دەکەین، ئەم نزیکبوونەوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەرێنی دەبێت".
 
رۆژی یەکشەممە 22-5-2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 16ـی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو. هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە کۆبووەوە. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لایەن حیزبە سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکرا. 
 
رۆژی چوارشەممە 25ـی ئایاری 2022، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راشكاوانه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا و دۆخى ئێستاى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مينه‌ى هاريكاريى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌يى تاوتوێكرا." 
 
پێشوازییەکەی گوتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف لە کاتێکدایە، رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان هاوپەیمانییەکیان بەناوی رزگارکردنی نیشتمان پێکهێناوە و رێبەر ئەحمەد بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش بەربژێری خۆی هەیە کە بریتییە لە بەرهەم ساڵح و زیاتر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە نزیکە کە ژمارەیەکی زۆری هێزە شیعەکان لەخۆدەگرێت.