پارێزگارى نوێى سەڵاحەدین چارەنووسی 11 راوێژکارە دوورخراوەکە یەکلایی دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هەفتەى داهاتوو پارێزگارى نوێى سەڵاحەدین چارەنووسی ئەو 11 راوێژکارەى پارێزگار یەکلایی دەکاتەوە، کە پارێزگارى پێشوو لەگەڵ دوورخستنەوەى لە پۆستەکەی، ئەوانیشی دوورخستەوە. 
 
محەممەد جەمال ئەحمەد، راوێژکارى دوورخراوەى  پارێزگارى سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایى رووداوى رایگەیاند؛ 29ى ئایارى 2022 راوێژکارە دوورخراوەکان لەگەڵ ئیسماعیل هەلوب، پارێزگارى نوێى نەینەوا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دوورخستنەوەیان.
 
19ى ئایارى 2022 عەممار جبوورى، پارێزگارى متمانەلێسەندراوى پارێزگاى سەلاحەددین، بە بڕیارێک 11 راوێژکارى پارێزگارى دوورخستەوە، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى باس بکات، محەممەد جەمال ئەحمەد راوێژکارى پارێزگار بۆ کاروبارى تەندروستى یەکێک بوو لە راوێژکارە دوورخراوەکان.
 
محەممەد جەمال ئەحمەد گوتى: "نازانین چارەنووسمان چى دەبێت و بڕیارى دوورخستنەوەمان کارپێکراوە یان هەڵدەوەشێندرێتەوە، یەکەم دیدارمان لەگەڵ پارێزگارى نوێ تەنیا بۆ پیرۆزباییکردن بوو، کاتێک سوێندى یاسایى خوارد بۆ وەرگرتنى پۆستەکەى".
 
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 24ى ئایار بۆ  پارێزگاى سەڵاحەدین نێردراوە، تێیدا هاوپێچى بڕیارى پەرلەمانى عێراقى لەگەڵدایە بۆ لەسەرکارلادانى عەممار جبوورى، پارێزگارى پێشووى ئەو شارە بەمەبەستى جێبەجێکردنى.
 
25ى ئایارى 2022، ئیسماعیل هەلوب، جێگرى یەکەمى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە فەرمى و وەکالەت جێگەى پارێزگارى پێشووى گرتەوە.
 
رۆژی 19ى ئایارى 2022، پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ عەممار جبوورى لە پۆستى پارێزگارى سەڵاحەدین دوورخستەوە، 22ى ئایار پەرلەمانی عێراق نووسراوێکى فەرمى ناردووە بۆ وەزارەتى دادی عێراق بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە بەمەبەستى جێبەجێکردنى.
 
عەممار جبوورى، پارێزگارى پێشووی سەڵاحەدین 19ى ئایارى 2022 کە هەمان رۆژى لەسەرکارلادانى بوو لە پۆستەکەى، فەرمانێکى کارگێڕى دەرکردووە، بە ئیفادکردنى خۆى بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەى بەهارەى ساڵانەى ئەنجوومەنى کارى بەریتانى – عێراقى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا کە تاوەکو 29ى ئایار  بەردەوام دەبێت و  عەممار حیکمەت، جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەریى راسپارد بە وەکالەت پۆستى پارێزگار بەڕێوە ببات، تاوەکو ئەوکاتەى لەو گەشتە دەگەڕێتەوە.