بودجەى حەشدی شەعبی زیاد دەکرێت

27-04-2023
هەستیار قادر
نمایشێکی سەربازیی حەشدی شەعبی
نمایشێکی سەربازیی حەشدی شەعبی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە پەرلەمانە، لەلایەک هەوڵى کەمکردنەوەى دەدرێت، لەلایەکى دیکەش زیاد دەکرێت. زیادکردنى ئەمجارە جیاوازیى مووچەى کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبییە لەدواى هاوتاکردنى لەگەڵ مووچەى سەربازانى وەزارەتى بەرگرى.
 
هاوتاکردنەکە مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر دەکات، کە لە ساڵى 2019 بڕیاری لێدراوە، زیاتر لە 100 هەزار چەکداری ئەو هێزە لێى سوودمەند دەبن. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئێمە لەگەڵ ئەو زیادکردنە نین بە تایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە جیاوازیى مووچەوە، زۆربەى ئەوانە کە کاتى خۆى باسکراون کە بندیوارن، ئەوە قسەى من نییە ئەوە ئەوکات حەیدەر عەبادى سەرۆکوەزیرانى پێشوو باسیکردووە."  
 
پێشنیازى زیادکردنەکە دەخرێتە نێو راپۆرتى لیژنەى دارایی، بەڵام بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایی، پرسەکە پێویستى بە رازمەندیى فەرماندەی گشتیى هێزە چەکدارەکانە کە محەممەد شیاع سودانییە.
 
سەگڤان سندی، جێگرى دووەمى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بەشەى حەشدى شەعبی پێى دەگوترێت حەشدى بەرگرى، لە حکومەتى پێشوودا بەسترایەوە بە جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەوان پێشتر بەهۆى دۆسیەى 'بندیوار'ـەوە مووچەکانیان کێشەى تێکەوت و لیژنەیەک لەسەرى پێکهێندرا و جیایکردنەوە بۆ ئەوەى مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت." 
 
پشکى دەستەى حەشدى شەعبی ئێستا لەنێو بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە سێ ترلیۆن و 743 ملیار دینارە کە سێ ترلیۆن و 579 ملیار دینارى بۆ مووچە و پێداویستییەکانە و، 164 ملیار و 300 ملیۆن دیناریش بۆ پڕچەککردنەکە.
 
بەشێک لەوانەى زیادەى موچەیان بۆ خەرج دەکرێت ئەوانەن کە لەدواى 2014 وازیان هێناوە و ساڵى 2022 گەڕێندراونەتەوە یان ئەوانەى بە بندیوار هەژمارکراون و دوورخراونەتەوە.
 
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 200 هەزار دەبێت، تێکڕاى بودجەکەیان زیاتر لە 12%ـى بودجەى ئاسایش و بەرگرییە و نزیکەى 2%ـى تێکڕاى بودجەى گشتیى عێراقیشە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە