راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: دەستکاریکردنی خشتەی مووچە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەردەکرێت.

د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 27-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق فیدراڵییە و بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."

ئەو راوێژکارەی دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "بابەتی دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەران، کارێکی گەورەیە و ئاسان نییە. لە خشتەی ئێستای مووچەی فەرمانبەراندا، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەراندا هەیە، هەندێکیان مووچەیان کەم و هەندێکیان زۆرە."

د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەی فەرمانبەرانی بچووک و خانەنشینان لەگەڵ ئاستی گوزەرانی ئێستا ناگونجێت، نرخی کاڵا و شتوومەک بەرز بووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە پرۆژەیەک پێشکێشی پەرلەمان بکرێت.

ئەو راوێژکارەی سوودانی پێیوایە، دەرکردنی یاسایەکی لەم شێوەیە پێویستی بە سازانێكی سیاسیی زۆرە، دەبێت دەستکاریی زۆری یاساکان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەک و پلەی بەرزی وەزیفییان هەیە. ئەوەی ئێستا پێویستە دەستکاریکردنی مووچەی ئەوانەیە کە مووچەکانیان کەمە و نزیکە لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دەبێت مووچەکانیان لەگەڵ ئەو ژیان و بژێویە سەختەدا بگونجێت.

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو پڕۆژەیە تێچووی دارایی زۆرە، پێویستە پارەی بۆ دابین بکرێت و لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگەی بۆ بکرێتەوە، "دەبێت یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربکرێت. دوو ئاراستەش هەیە، یەکێکیان پێیوایە تەنیا دەستکاریی مووچەی پلە نزمەکان بکرێت، بەڵام ئاراستەیەکی دیکەی رادیکاڵ هەیە داوای گۆڕانکاریی گەورە و ریشەیی دەکات، ئەمەش پێویستی بە سازانی گەورەی سیاسییە."

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی 21-04-2023 رایگەیاند، حکومەت گفتوگۆ لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەکات، دەستکاریی مووچەی ئەوانە دەکرێت کە مووچەکانیان کەمە و کەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 425 هەزار دینار.

ئێستا کەمترین مووچەی فەرمانبەرانی عێراق 170 هەزار دینارە. سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەی دارایی چاوەڕێی حکومەت دەکات پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکات بۆئەوەی پەسندی بکات، زۆربەی فەرمانبەرانیش چاوەڕێی ئەو خشتە نوێیە دەکەن، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران یەکبخرێت.

هەروەها حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتبوو، لیژنەیەک پێکهێندراوە لە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی، بە مەبەستی ئامادەکردنی خشتەی نوێی مووچە، پێشنیازەکانی خشتەی مووچە رەوانەی لیژنەکە دەکرێت.