شێروان دووبەردانی: هەردوو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئێران کۆبوونەوەیەکی داخراویان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی عێراق لە ئێران رایگەیاند، شاندەکەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەتەوە. دەشڵێت محەممەد حەلبووسی و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کۆبوونەوەیەکی داخراویان هەبوو.
 
رۆژی چوارشەممە 27-4-2022 شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی شاندی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی یەکەمی نیوڕۆژی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران زیاتر لە 45 خولەک لە کۆبوونەوەدا بووین و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی نێوان سەرۆکی هەردوو پەرلەمانی عێراق و ئێران باس لە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان لە رێگەی گفتوگۆ کرا".
 
ئەندامەکەی شاندی پەرلەمانی عێراق گوتی: "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، نزیکەی 20 خولەکیش لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووینەوە".
 
شێروان دووبەردانی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ئێران روونکردەوە و گوتی: "ئەو سەردانە بە بانگهێشتی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو و زیاتر بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی هەماهەنگی نێوان هەردوو پەرلەمان، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی سەردانیکەرانی ئێران بۆ ناو خاکی عێراق و بەتایبەت لەکاتی عاشوورا چارەسەر بکرێت".
 
دووبەردانی ئاشکراشی کرد، کە حەلبووسی و قالیباف، بەبێ ئەندامانی شاندەکە و پەرلەمانتارانی ئێران کۆبوونەوەیەکی داخراویان هەبوو.
 
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی کورد، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوای کرد، بە زووترین کات سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرێت و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێندرێت.