راوێژکارێکی سوودانی: کۆمپانیایەک بۆ قۆناخی یەکەمی رێگەی گەشەپێدان دادەمەزرێنین

27-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کۆمپانیایەک لەسەر داهاتی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان دادەمەزرێندرێت، بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، قۆناخەکە لە کۆتاییەکانی 2028 تەواو دەبێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، د. ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تایبەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کۆی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە."
 
د. ناسر ئەسەدی گوتیشی، "قۆناخی نەخشەسازیمان تەواوکردووە و ئێستا لە قۆناخی پلاندانان و بیناسازین، کۆمپانیاکەش لەسەر داهاتی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان دروست دەکرێت و لە داهاتووشدا دەکرێت کۆمپانیای دیکە ببنە هاوپیشەی ئەو کۆمپانیایە."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، "قۆناخی ئێستا لە کۆتایی ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دەستبەکار دەبێت."
 
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل، گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا.
 
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە