خشتەکانى بودجەی 2025 نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و بۆ حکومەت نێردران

27-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خشتەکانى بودجەى 2025 عێراق نێردران بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، کە پێشبینی دەکرێت قەبارەکەی لەنێوان 180 بۆ 200 تریلیۆن دینار بێت و کورتهێنانیش بگاتە زیاتر لە 64 تریلیۆن دینار.
 
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەى نەختینە وایکردووە، ئامادەکردنى ئەو خشتەیە دوابکەوێت.
 
خشتەکان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران نێردراون، ئەمەش دوای کۆبوونەوەى محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان، کە یەکێک لە پرسەکان تاوتوێکردنى بودجە بوو.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە، بە رووداوى گوت، "لەو کۆبوونەوەیەدا بە کورتى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2025 کرا".
 
میدیای فەرمیی عێراق پێشبینى بۆ قەبارەى بودجەى 2025 بڵاوکردەوە کە نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و کورتهێنانى 64 تریلیۆن دینارە، بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، "پێشبینى دەکەم قەبارەى بودجەکە بگاتە نزیکەى 180 تریلیۆن دینار".
 
قەبارەى بودجەى 2023ـی عێراق 198.9 تریلیۆن دینار بوو، 65 تریلیۆن دینار کورتهێنانى هەبوو، بودجەى 2024 گەیشتە 211.8 تریلیۆن دینار، کورتهێنانەکەشی 84 تریلیۆن دینار بوو.
 
محەممەد خوزاعی، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "خشتەى بودجەى 2025 بە هاوئاهەنگى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی و پلاندانان ئامادە دەکرێت و، دواکەوتنى پەیوەندیدارە بە کێشەى کەمى نەختینەوە."
 
عێراق، مانگانە زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، نرخەکەى بەگوێرەى مانگەکان دەگۆڕێت کە لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا لەنێوان 68 بۆ 72 دۆلاردا بووە. 
 
لە 11 مانگى ساڵى 2024 دا داهاتى نەوت 119 تریلیۆن دینار بووە، بەوپێیە داهاتى مانگانەى نزیکەى 10 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا 7.5 تریلیۆن دینارى بەجێگیری بۆ مووچەیە.
 
کەمى داهات لەبەرامبەر زۆریی خەرجى لە عێراق، وایکردووە ئەنجوومەنى وەزاریی ئابوورى لە هەندێک بواردا سیاسەتى دەستگرتنەوە بگرێتەبەر.
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە 2ـی شوباتى 2025، ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق پێنج راسپاردەى خستووەتە بەردەم ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران بە ناونیشانى، "رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى دارایی لە سایەى پابەندبوونەکانى حکومەت". 
 
یەکێک لە راسپاردەکان ئەوەیە؛ پابەندیی نوێی دارایی دروست نەکرێت، بەبێ پاڵپشتیی هەردوو وەزارەتى پلاندانان و دارایی، بەوەى کە پارەى پێویست لەبەردەستە بۆ ئەو پابەندبوونە، نابێت هیچ پڕۆژەیەکى کۆمپانیاکانى گشتى سەر بە دەوڵەت، بخرێتە بودجەوە ئەوانە نەبێت کە هەڵاوێرد دەکرێن. 
 
یەکێکى دیکە لە راسپاردەکان ئەوەیە؛ کارى لەپێشینە، خەرجکردنى شایستەى دارایی ئەو پڕۆژانە بێت، کە جێبەجێکراون لە دواى دووبارە دابەشکردنەوەى تەرخانى دارایی، پاش پەسندکردنى خشتەى بودجەى 2025.
 
محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندان لە کۆبوونەوەى 26ـی ئادارى 2025 لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى، "خشتەى بودجەى 2025 هیچ پڕۆژەیەکى نوێى وەبەرهھێنانى تێدا نابێت، تەنیا پارەدارکردنى پڕۆژە بەردەوامەکانى تێدا دەبێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کێڵگەی نەوتیی تاوکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: DNO

گەنەل ئینێرجی: سەرەڕای ئاستەنگییەکان، پار بەرهەمهێنانی نەوت 60٪ زیادیکردووە

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی ھەن لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەکردن، راپۆرتی ساڵی 2024ـی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی ئاماژە بە گەشەسەندنێکی بەھێز لە بەرھەمھێنان و زیادبوونی نەختینە دەکات. کۆمپانیاکە ئاماژەی بە چەند ژمارەیەکی سەرەکی داوە و جەختی لە خۆڕاگریی خۆی و بەھای ئابووریی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.