خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە نەجەف: بەهۆی لافاوەوە زیان بە 18 ئۆتۆمبێلی نوێمان گەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو لێزمە بارانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە 18 ئۆتۆمبێلی سفر کلیۆمەتر لە گەڕەکی ئەمیر لە پارێزگای نەجەف ژێرئاو کەوتوون و زیانی مادەی گەورەش بەر دانیشتووانی گەڕەکەکە کەوتووە. بەمەش خاوەن کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕن.
ئەحمەد مزەفەر، خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێلە لە نەجەف و دەڵێت: نزیکەی 18 ئۆتۆمبێلی نوێ (سفر کیلۆمەتر) زیانیان بەرکەوتووە، ئاو گەیشتووەتە سەر بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکان. نازانم سکاڵا لای کێ بکەم. دوێنێ کاژێر یەکی شەو لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانی قسەم کرد، لێم پرسی لای کێ سکاڵا بکەم؟ ئەویش پێیگوتم توانام هەر ئەوەندەیە، ناتوانم هیچ بکەم. دەی کەواتە روو لە کوێ بکەین؟ تا کەی ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ کۆمپانیاکانمان دابخەین لە ماڵەوە دانیشین و نازانین چی بکەین؟
چەند ساڵێکە لەگەڵ وەرزی بارانبارین، ئەو دۆخە دووبارە دەبێتەوە. خەڵک لە ترسی لافاو چوونەتە نهۆمی دووەمی خانووەکانیان.
سەفا مەهدی، فیتەری ئۆتۆمبێلێکە لە نەجەف و دەڵێت: "هەموو ساڵێک ئەمە دۆخمانە، کەس بەزەیی پێمان نایەتەوە، جگە لە خوا و ئەلوبەیت کە پشتیوانیمانن؟ لە کاتێکدا پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان بزانن لە سەردەمی چ پارێزگایەک ئەمە کراوە، بێن لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی ئەم ئاوەڕۆیە بکەن، بانگهێشتی کۆمپانیای جێبەجێکار بکرێت. ئایا دەستپاکی دۆخی ئێرە نابینێت؟ هیچ بەرپرسێک بێرەدا تێناپەڕێت بۆ فڕۆکەخانە، ئەمانە رۆژانە دەچنە فڕۆکەخانە و بێرەدا دێنەوە، ئایا بارودۆخمان نابینن؟ یان هەژار تەنیا خوای هەیە."
مستەفا محەممەد، دانیشتوویەکی نەجەفە و گوتی: "ئەمە ئاستی ئاوە لەنێو ماڵ گەیشتووەتە یەک مەتر، کەلوپەلی نێو ماڵ و ئامێرەکانی بەفرگر و ساردکەرەوە و جلشۆر هیچان دەرنەچوون، هەموویان ژێر ئاو کەوتوون. لەناکاو ئاو هاتە ژوورەوە، دەرفەتی هەڵگرتن و دەربازکردنی هیچ شتێک نەبوو. ئەمە وێڕای ئەوەی ئاوی ئاوەڕۆکانیش پێچەوانە دەهاتە دەرەوە."
وەک دانیشتووانی ناوچەکە باسی دەکەن، بەهۆی نزمی ناوچەکەیان، 16 ساڵە هەر کاتێک باران ببارێت گەڕەکی ئەمیر لە نەجەف ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە.
لە دوای هەر بارانبارینێک، پرسیاری ئەوە دەکرێت کە کێ قەرەبووی ماددی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەکاتەوە؟ پرسیارێک بە قسەی زیانلێکەوتووان تائێستا هەر بێ وەڵامە.