ئەو بەرەبەیانەی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا؛ هاتوهاوار و دەرکردن و رێککەوتن

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق شەوێکی درێژی پر لە کێشە و دەمەقاڵێی نێوان پەرلەمانتارانی بەڕێکرد و لە بەرەبەیاندا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسند کرد، بەپێی یاساکەش هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن. 
 
پێش دەستپێکی کۆبوونەوەکە، فیکەلێدان، درووشم و هاتوهاوار تادەهات زیاتر دەبوو. محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەوری گیرا، کە دەیانویست بە هوتاف و گوتنەوەی درووشم، ناچاری بکەن کۆبوونەوەکە دوابخات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
محەممەد حەلبووسی سەرەتا ویستی بە قسەی بەخۆش دووربکەونەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە توڕەبوو و بانگی پاسەوانەکانی کرد، ئەوانیش بە پاڵ هەموو ئەوانەیان کردنە دەرەوە، کە دژی دەنگدان بوون بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان.
 
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە رووداوی گوت "لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان دەستدرێژیمان کرایە سەر، تووندوتیژیمان بەرامبەر کرا و پاڵمان پێوەنرا، تەنانەت پەرلەمانتارە ژنەکانیش بەپاڵ کرانە دەرەوە بە شێوەیەکی تووندوتیژ. بە توڕەیی و توندوتیژی ئێمەیان لە هۆڵی دانیشتنەکە بەزۆر کردە دەرەوە".
 
هەڵبژاردنی کەرکووک یەکێک بوو لە کێشەکان، هەر پێکهاتەیەک دەیویست داواکاریی خۆی بچەسپێنیت، دواجار پارتی و تورکمان و عەرەب گوتیان رێککەوتووین و دەنگ بە تێپەڕاندنی دەدەین. هەر واشیانکرد. 
 
بەپێی هەموارەکە دەبێت پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک بکرێت بە پشتبەستن بە سەرژمێریی ساڵی 1957 هەروەها تێیدا هاتووە، هەر لایەنێک گەر زۆرینەی دەنگەکانیش بەدەستبهێنێت ناتوانێت ئیدارەی پارێزگا وەربگرێت ئەگەر رێککەوتنی سەرجەم پێکهاتەکانی لەسەر نەبێت. 
 
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ "توانیمان تاڕادەیەک هەندێک سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام بەدڵنیایەوە ناتوانی هەموو ئەو شتانەی کە مافی خۆتە لەو دۆخەی عێراقی تیدایە، وەربگریت، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر، فراکسیۆنی پارتی هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بۆ کەرکووکیش هیوامان وابوو زیاتر بەدەستبهێنین. ئێستاش باشە، خراپ نییە ئەوەی لەسەر کەرکووک کردوومانە". 
 
بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستەمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.