سەرۆككۆماری عێراق گەیشتە شەرەم ئەلشێخ

رووداو-  شەرەم ئەلشێخ

فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، لە بەغداوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە شەرەم ئەلشێخی وڵاتی میسر .

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو كە یاوەری سەرۆككۆمار دەكات، رایگەیاند فوئاد مەعسووم ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆمار ی میسڕ كۆدەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەجێندای سەردانەكەی هیچ کۆبوونەوە و دیدارێکی دیکە ئەنجام نادات.

سبەی شەممە  26ەمین کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی لە هاوینەهاواری شەرەم شێخ بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوەکەی شەرەم شێخ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت و چەندین سەرۆککۆمار و پاشاو سەرکردەی عەرەب و نوێنەرەکانیان بەشداری تێدادەکەن.

کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەساڵی 1945 لەلایەن حەوت وڵاتی عەرەبییەوە دروستبوو، دواتر ژمارەی ئەندامانی زیادیکرد و ئێستا 22 وڵاتی عەرەبی لەو کۆمکارەدا ئەندامن.