''بارانی نەوت'' لە سەڵاحەدین زیان بە پێنج هەزار دۆنم زەوی دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دزەکردنى نەوت لە دوو کێڵگەى سنوورى پارێزگەى سەڵاحەدین، بووەتە هۆی دروستبوونی دیاردەیەک کە بە "بارانی نەوت" ناودەبرێت، ئەو نەوتە نەوەک سوودی نییە، بەڵکو زیانى بە پێنح هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیش گەیاندووە.
دزکردنى نەوتەکە لە ناوچەى معێبدى رۆژهەڵاتى پارێزگاى سەڵاحەدینە، کە گۆمى نەوتى دروستکردووە، ئەوەش کێشەیە بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى دەکەونە رۆژئاواى حەمرین.
عەبدولمەجید سەعید، جووتیارێکى ئەو سنوورەیە و دەڵێت "نەوت زیانى بە بەپیتیی زەوییەکان گەیاندووە، هەموو دانەوێڵەیەکى چێندراوى لەنێوبردووە، ئەو زەوییانەى نەوتیان تێنەچووە دۆخیان باشە، بەڵام ئەو زەوییانەى نەوتیان تێکەڵ بووە بێ سوود بوون، هەتاوەکو ئاوى باراناو زۆربێت لەو زەویانە دۆخەکە خراپتر دەبێت."
بارانى بەخوڕ لەگەڵ خۆیدا نەوتى دزەکراوى ناوچەکە دەباتە نێو زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەو دۆخەش زیانى بە زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵى گەیاندووە.
ئەحمەد شەلش، جووتیارێکى دیکەى ناوچەى معێبدیە، ئەو دەڵێت "داوامان لە سەرۆکوەزیران و وەزیرانى کشتوکاڵ و نەوت کرد قەرەبووى جووتیارە زیانلێکەوتووەکان بکەنەوە، کە بەهۆى ئەو کارەساتە ژینگەییەوە تووشى هاتوون، وەک چۆن جووتیارانى دیکە لە ناوچەکانى باشوور قەرەبوو کرانەوە، بەڵام هیچمان دەستنەکەوت."
سەرچاوەى ئەو نەوتەی دزەکردووە؛ هەردوو کێڵگەى عەلاس و عەجینن، کە لە ساڵى 2014 کەوتنە دەست داعش و چەکدارانیان بۆرییەکانى گواستنەوەى نەوتەکەیان تەقاندەوە.
محەممەد حەمەد، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى سەلاحەدین گوتى "ئەو دزەکردنانە زیانى گەورەیان هەیە و، لە داهاتوودا لێکەوتەى دەبێت، پێویستە کێشەى ئەو رووبەرە فراوانەى زەویی کشتوکاڵى چارەسەر بکرێت، ئەوە کاریگەرى لەسەر ئاوى ژێر زەویش دەبێت بەهۆى ئەوەى جووتیارەکان ناچارن پەنا بۆ ئاوى بیر ببەن."
ئەو دۆخە لە سەڵاحەدین، کە ناونراوە "بارانى نەوتى" زیانی زۆری بە بەرهەمى گەنم و سەوزە گەیاندووە، کە سەرچاوەى بژێویی بەشێک لە دانیشتووانەکەیەتى.