دادگەى فیدراڵیی عێراق دەتوانێت "پاشگەزبێتەوە"

رووداو دیجیتاڵ

گفتوگۆى نێوان کریستیانەکان و دادگەى فیدراڵیى عێراق دەستیپێکردووە، دەیانەوێت دادگە پێداچوونەوە بە بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى شەش کورسییەکەیان لە پەرلەمانى کوردستان بکات، بەگوتەى بەرپرسێکى یاسایى پەرلەمانى کوردستان، دەتوانن یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەن و کۆتای بۆ زیاد بکرێت، دادگەى فیدراڵیش بە بڕیارێکى نوێ لە بڕیارەکەى پێشووى پاشگەزبێتەوە.
 
ئەسوان کلدانی، ئەندامى کریستیانى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: دەبوو کورسیی پێکهاتەکان لەنێو 100 کورسییەکەى پەرلەمان بوونایە، نەوەک هەڵوەشاندنەوەى 11 کورسیی پێکھاتەکان لەسەر بنەماى ئەوەى ناکۆکییان لەسەرە."
 
دادگەى فیدراڵیی عێراق 11 کورسی پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسیان بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەکەی دیکە بۆ ئەرمەن بوو.
 
کریستیانەکان دەڵێن، بڕیارەکە کێشەى یاسایی هەیە و دەکرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
 
یونادەم کەنا، سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین بە تۆڕى میدیایی رووداوى  گوت "چاومان بە سەرۆکى دادگەى فیدراڵى کەوت و، چەند بەڵگەنامەیەکمان پێشکێش کرد. بەڵگەنامەکان ئەوە پیشان دەدەن؛ کورسیی کۆتاکان بەشێک بووە لە یاساکە و ئەویش پێى گوتین ئەو بەڵگەنامانەى نەبینیوە. ئەگەر هەیە بڕیارێکى نوێ بدرێت بۆ گەڕاندنەوەى مافەکانمان. سەرۆکى دادگە بەڵێنى دا چاو بەو پرسە بخشێنێتەوە بۆ ئەوەى لە ئاییندەدا چارەسەرى بکات."
 
ئومێدى کریستیانەکان بە مادەیەکى پەیڕەوى نێوخۆى دادگەى فیدراڵییە؛ مادەی 45ـی ئەو پەیڕەوە، دەسەڵات بە دادگەکە دەدات کە ئەگەر "بەرژەوەندیى دەستووری و گشتى" پێویستى کرد، بڕیارێکى پێشووى خۆى هەموار بکاتەوە.
 
شەرمین خدر بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی کاروبارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر پەرلەمانى نوێى کوردستان دامەزرا، یەکەم کارى هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردن دەبێت، کە دەتوانێت رێژەیەک بۆ کۆتاکان دابنێت، ئەوکات هەر تانەیەک لەو یاسایە بدرێت دادگەى فیدراڵى بۆى هەیە پاشگەزبێتەوە، بەڵام بە بڕیارێکى نوێ."