بەهۆی کڕینی هۆتێلێک لە هەولێر دوو بەرپرسی وەقفی سوننە سزادران

27-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق دوو بڕیاری لە دژی دوو بەرپرسی وەقفی سوننەی عێراق تایبەت بە دۆسیەی کڕینی هۆتێلێک لە هەولێر دەرکرد و سێ ساڵ زیندانیکردنی تووندی بۆ دەرکردن، هەروەها رێگەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیشی لێ قەدەخە کردن.
 
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن و سزادانی دوو بەرپرسی وەقفی سوننەوە دەرکرد، لە دۆسیەی پەیوەندیدار بەو سەرپێچیکارییانەی لە کڕینی هۆتێل رامادا لە هەولێر کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارەکانی وەقفی سوننە بە سێ ساڵ بەندکردن سزا دا، چونکە رێگر نەبووە لەو رێوشوێنە هەڵانەی لە کڕینی هۆتێل رامادا کراوە و واژۆی لەسەر گرێبەستی کڕین بە پێچەوانەی یاسا کردووە."
 
فەرمانگەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە: "هەمان دادگە فەرمانێکی دیکەی دەرکردووە بە زیندانیکردنی تووندی جێگری بەڕێوەبەری بەشی یاسایی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهینانی پارەکانی وەقفی سوننە لە کەرکووک، بەهۆی ئەوەی بەرچاوڕوونی داوەتە سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە بۆ دەستخستنی رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بەشی سێیەمی پارەکە بۆ کڕینی هۆتێل رامادا لە هەرێمی کوردستان لە بڕی پارەی سپاردەکان بەپێچەوانەی رێنماییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی." 
 
ئاماژە بەوەش کراوە، دادگەکە دوای تەماشاکردنی بەڵگەکان لەهەردوو دۆسیەکەدا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە تۆمەتبارەکان "کەمتەرخەمبوون"، بۆیە بەپێی ماددەی 331ـی یاسای سزادان سزای دان، لەگەڵ پێدانی ماف بە لایەنی زەرەرمەند بۆ داواکردنی قەرەبوو، ئەگەر بڕیارەکان پلەی کۆتاییان وەرگرت.
 
پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردن و هێنانەبەردەم دەستەی بۆ سەرۆکی یەکێک لە دیوانەکانی وەقفی سوننە دەرکرد بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەو شوێنانەی کاری تێدا دەکەن، جگە لە قەدەخەکردنی گەشتکردن لەو بەرپرسانە.
 
بەپێی گرێبەستێک کە رۆژی 15-8-2021 کراوە، دەستەی وەقفی سوننە کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی عێراقە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک بەناوی SM بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری و بەڕێوەبەردنی موڵکەکان کردووە و تێیدا هۆتێل رامادا لە شاری هەولێر بە بڕی 47 ملیار دینار فرۆشراوە بە وەقفی سوننە، کە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارەکانی وەقفەکە واژۆی لەسەر کردووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە