پەرلەمانتارێکی عێراق بە تۆمەتی "کەمتەرخەمی" دەدرێتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند کە فەرمانى بانگکردنى ئەندامێکى پەرلەمان بۆ بەردەم دادگە دەرکراوە، بەتۆمەتى رێگرى لە کارێک، کە ئەرکى خۆى بووە، کاتێک دۆسیەیەکى لە دژى بەڕێوەبەرێکى گشتى جوڵاندووە و دواتر بەبێ روونکردنەوە و بەڵگە، داواى راگرتنى رێوشوێنە یاساییەکانى کردووە لە دژى ئەو بەرپرسە.
رۆژی 27ى شوباتى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەلایەن دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخەوە فەرمانى بانگکردن لە دژى ئەندامێکى لیژنەى خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمان دەرکراوە، بەتۆمەتى ئەوەى ئەرکى خۆى جێبەجێنەکردووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو پەرلەمانتارە زانیاریى پێشکێشکردووە لەبارەى لادانى یەکێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەتێک و داواى کردووە کە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بکرێت، بەڵام دواتر بە نووسراوى فەرمى داواى لە دادگە کردووە رێوشوێنە یاساییەکان لە دژى ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە رابگرن، بەبێ ئەوەى روونکردنەوە و بەڵگە لەو بارەیەوە پێشکێش بکات.
ئەو پەرلەمانتارە بەگوێرەى مادەى 331ى یاساى سزادانى عێراقى بانگکراوە بۆ دادگە، کە تایبەتە بە تاوانى کەمتەرخى بەمەبەستى بەجێهێنانى ئەرکەکەى و سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنە.