رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانى عێراق ماندەگرن و نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتییەکانیش بۆ ماوەى رۆژێک ناکرێنەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کوژرانى پزیشکێک لە پارێزگاى دیالە.
د. عەقیل شاکر، نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى عێراق رۆژی دووشەممە 27-02-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 27ى شووباتى 2023 سەرجەم ئەندامانى سەندیکاکانى پزیشکان و پزیشکانى ددان ماندەگرن و نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتییەکانیش بۆ ماوەى رۆژێک دادەخرێن، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بەرامبەر کوژرانى دکتۆر ئەحمەد مەدفەعی لە سنوورى پارێزگاى دیالە.
نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى عێراق گوتیشی، "بەر لە دەستپێکردنى مانگرتنەکە، بۆ ماوەى پێنج خولەک لە بارەگاى سەندیکاى پزیشکان هەڵوەستەیەکى ناڕەزایەتیمان دەبێت."
23ى شووبات، دکتۆر ئەحمەد مەدفەعی لەبەردەم نۆرینگەکەى خۆی لە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە کوژرا، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بزانرێت.
د. عەقیل شاکر ئاماژەی بەوەش کرد، "داواکاریى سەرەکیمان بۆ ئەو مانگرتنە، لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە و بەسزاگەیاندنى بکوژانى ئەو پزیشکە لەگەڵ کاراکردنى یاساى پاراستنى پزیشکان."
ساڵى 2009 پەرلەمانى عێراق یاسای پاراستنى پزیشکانى پەسند کرد، لە کاتێکدا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵى 2003وە نزیکەى 2000 پزیشک لە عێراق کوژراون و بێسەروشوێن بوون، نزیکەى 8500 پزیشکیش وڵاتیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ