لایەنگرێکی سەدر لە بەغدا: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان کێشەکان زیاتر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەدان هەزار لایەنگری موقتەدا سەدر دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز و لەسەر داواکاریی رێبەرەکەیان، لە بەغدا نوێژی بە کۆمەڵیان کرد. بەشێک لە لایەنگرانی سەدر دژی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی و یەکێک دەڵێت، "دادگەی فیدراڵی لەژێر گوشاری حیزبییە".
 
حوسێن عەبدولحەسەن، خانەنشین و یەکێک لە بەشداربووانی نوێژە بە کۆمەڵەکە بە رووداوی گوت، "دادگەی فیدراڵی لەژێر گوشاری حیزبییە و دەستوەردانی تێدا دەکرێت لە لایەن حیزبەکان بە تایبەتیش گوشاری ئێران." 
 
حەیدەر سەید موسا، کاسبکار باس لەوە دەکات، "ئێمە چی دەڵێین بەم حکومەتە سیاسییە کە حکومەتی بەنی عەباسە، ئێستا حکومەتەکەی بەنی عەباس لەسەر کوردستان جێبەجێ مەکەن، جارێ لەسەر خۆتان جێبەجێبکەن، لەسەر تیرۆریستان و ئەو میلیشیایانەی بە رۆژی رووناک داھاتی عێراق و ھەژاران دەدزن، بەدوای کوردستان رادەکەن! وازیان لێبێنن ھەر کوردستانمان ھەیە بۆ پشوو رووی لێبکەین." 
 
عەبدوڵڵا دەراجی، قوتابی لە حەوزەی عیلمی نەجەف و یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی نوێژە بە کۆمەڵەکە گوتی، "پێویستە مووچەیان بۆ خەرجبکرێت ئەوانیش کەسوکاری ئێمەن و سازشیان کردووە لە بەرژەوەندیی وڵات، ئەوەشمان بیرنەچێت کە ھێزی پێشمەرگە و بەڕێز مەسعود بارزانی لە شەڕی داعش بەرگریییان لە عێراق کردووە، بۆیە ئەوان برای ئێمەن و نامانەوێت جارێکی دیکە کێشە و گرفت دروستبێتەوە، بەسە ئاژاوە بە جددی بەسە." 
 
بەشێک لە سەرکردە و پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی سەدرییەکانیش لە نوێژەکەدا ئامادەبوون، ھەرچەندە ئەوان لە لایەن خودی موقتەدا سەدرەوە رێگەیان لێگیراوە قسە بۆ راگەیاندن بکەن، بەڵام لەسەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دژی ھەرێمی کوردستان ھاتنە دەنگ.
 
شێخ حەیدەر ساعدی، سەرکردە لە رەوتی سەدری بە رووداوی گوت، "ئەم بابەتە لەمکاتەوە نەگونجاوە، ئەمە کێشە و گرفتەکان زیاتر دەکات." 
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و، بڕیاریدا ناردنی پارەکە رابگیرێت.