لەسەر رووداوى سپایکەر 14 کەس بە لەسێدارەدان سزادران

27-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى ناوەندى تاوانەکانى عێراق سزاى لەسێدارەدانى لەدژى 14 کەس دەرکرد، بەتۆمەتى بەشداریکردنى راستەوخۆ لە رووداوى سەربازگەى سپایکەر لە پارێزگاى سەلاحەدین کە بەهۆیەوە 1700 خوێندکارى سەربازگەکە لەلایەن چەکدارانى رێکخراوى داعش کوژران.
 
رۆژی 26ى کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى ناوەندیى تاوانەکان لە سەرۆکایەتیى دادگەى پێداچوونەوەى رەسافە لە بەغدا، ئەو سزایانەى دەرکردووە لە دژى ئەو 14 کەسە کە بە "تیرۆریست" ناوى بردوون.
  
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو 14 کەسە بەشدارى راستەخۆیان لە رووداوى کوشتنى ئەو 1700 خوێندکارە هەبووە، کە لە ساڵى 2014 کرا، ئەو کاتەى داعش دەستى بەسەر چەند ناوچەیەکى پارێزگاى سەلاحەدیندا گرت و زۆرینە ئەو خوێندکارانەى لەو سەربازگەیە کوژران شیعە مەزهەب بوون. 
 
رۆژی 21ى ئابى 2016، سزاى لەسێدارەدان بەسەر 36 تاوانبارى دۆسیەی سپایکەر جێبەجێکرا؛ هەروەها لە 8ى ئابى 2017، دادگەى ناوەندى تاوانەکان لە عێراق سزاى لەسێدارەدانى بۆ 27 تۆمەتبارى دیکە دەرکرد.
 
سزادانى ئەو تۆمەتبارانە لەسەر بنەماى مادەى چوارى یاساى بنبڕکردنى تیرۆرى ساڵى 2005 بووە، کە تایبەتە بە بەشدارى راستەوخۆ لە کارى "تیرۆریستى" و سزاکەى زۆربەی جار لەسێدارەدانە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە