سبەی گرێکوێرەکانی بودجەی عێراق دەکرێنەوە

رووداو- بەغدا

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا 8 كاژێر گفتوگۆ لەسەر پرۆ یاسای بودجە كراوە، پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیێنێت تەنها دوو خاڵ ماون كە گرێكوێرەی پرۆژەكەن و ئەوانیش سبەی یەكلایی دەكرێنەوە.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" لە دانیشتنی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەماندا نزیكەی 8 كاژێر گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوام بوو، سەرجەم بابەتەكان یەكلایی كراونەتەوە و تەنها دوو خاڵ ماون گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، ئەویش سبەی یەكلایی دەكرێنەوە".

ئەو دوو خاڵانەی بوونەتە گرێكوێرەی بودجەی عێراق دروستكردنی حەشدی شەعبی و دابینكردنی بودجە بۆیان، لەگەڵ ناردنی نەوتی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ كە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا پێداگری لەسەر دەكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی هەروەها گوتی،" ئەو دوو خاڵانەی ماون پێویستیان بە رێككەوتنی سیاسی هەیە لەنێوان لایەنەكاندا و ئومێدەوارین سبەی یەكلایی ببنەوە، بۆ ئەوەی پرۆژەكە بۆ دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە ئامادەبێت و بخرێتە دەنگدانەوە". حەیدەر جەختیكردەوە كە سەرجەم لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت، "بەڵام هەندێک لایەن دەیانەوێت گرفتی بۆ دروست بکەن".