12 رۆژى دیکە تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ تەواوبوونى تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت، تاوەکو ئێستا دیار نییە تەمەنی کارکردنیان درێژ دەکرێتەوە یان کۆمیسیۆنێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تەمەنى کارکردنى ئەنجوومەنى ئێستاى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 7ـی کانوونى دووەمى 2025 کۆتایی دێت.
 
رۆژی 22ـی ئایارى 2024، پەرلەمانى عێراق بۆ دووەمجار تەمەنى ئەندامانى کۆمیسیۆنى بۆ ماوەى شەش مانگ درێژکردەوە بۆ ئەوەى بتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "تاوەکو ئێستا دیار نیە تەمەنى ئەم کۆمیسیۆنەى ئێستا درێژ دەکرێتەوە یان کۆمیسیۆنێکى دیکە هەڵدەبژێردرێت. ئەو پرسە لە دواى دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێى یاسادانانى پەرلەمان دەردەکەوێت". 
 
پشووى پەرلەمانى عێراق لە 9ـی کانوونى دووەمی 2024، کۆتایی دێت و دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە، یەکێک لەو پرسانەى دەبێت یەکلایی بکەنەوە، تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمسیارانە، بەتایبەت کە بڕیارە ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکرێت.
 
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، لە نۆ ئەندام پێکدێت و ماوەى کارکردنیان چوار ساڵە، دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار، پەسەندکردنى رێنمایی، رێکارەکانى هەڵبژاردن و ئەو سکاڵایانەیان هەیە کە رێگەپێدراوى یاسایی پارتە سیاسییەکان تۆماریان دەکەن.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە