یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داوای لێبووردن لە عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داواى لێبووردن لە حکومەت و گەلى عێراق دەکات، بەهۆى بوونی وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'، کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە دا لەنێوان کاپتنی هەردوو هەڵبژاردەکە دەگۆڕدرێتەوە.
یەکێتى تۆپى پێى بەحرەین لە دواى یاریی نێوان هەڵبژادەى تۆپى پێى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو کارە بەمەبەست نەبووە بەڵکو "هەڵەیەکى چاپ بووە" لەو چاپخانەیەى، گرێبەستیان لەگەڵیان کردووە.
ئەو یارییە لە چوارچێوەى پاڵەوانیێتیی جامى کەنداو بوو، کە 25ـی کانوونى یەکەمى 2024 لە کوێت کرا و هەڵبژاردەى بەحرێن بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر، لە هەڵبژاردەی عێراقى بردەوە.
بەگوێرەى ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە، ئەو درووشمە یادگارییەى لەلایەن کاپتنى هەڵبژاردەى بەحرێنەوە رادەستى کاپتنى عێراق کراوە، وێنەى ئەو ئاڵایەى لەسەرە کە تاوەکو ساڵى 2003 کارى پێکراوە، کاتێک حیزبى بەعس باڵادەست بوو.
یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن ئاماژەى بەوەداوە لەدواى وەرگرتنى درووشمى یادگارییەکان وردبینییان تێدا نەکراوە.
لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەدا هاتووە "داواى لێبووردن لە برایانمان لە عێراق دەکەین، بە گەل و سەرکردە و حکومەتەوە، ئەو هەڵەیە لە دانانى ئاڵا کۆنەکە، بەمەبەست نەبووە و ئەو هەڵەیە کاریگەریى لەسەر ئەو پەیوەندییە ئەرێنییەى کە هەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە، نابێت."