عێراق
کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانى عێراق: هەر کەسێک نایەوێت خزمەتگوزارییەکە بەکرێ بگرێت، دەتوانێت کورسیى خۆى بباتە فڕۆکەخانە.
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق کرێى کورسیی جوڵاوى گواستنەوەى گەشتیارانى خاوەنپێداویستیی تایبەت لە فڕۆکەخانەکان لە پارەى تکتى فڕۆکە جیادەکاتەوە و، دەڵێ کرێى ئەو کورسییانە، پەیوەندیدارە بەو کۆمپانیایانەى گرێبەستیان لەگەڵدا کردووە.
کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیی عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى زیادبوونى پارەى ئەو کورسییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو خزمەتگوزارییە لە هەموو کۆمپانیاکانى جیهان کارى پێدەکرێت، ئەو پارەیە بۆ ئەوکۆمپانیایە دەچێت کە ئەو خزمەتگوزارییەى دابین کردووە، نەوەک هێڵى ئاسمانیی عێراقی، گەشتیاران سەربەستن لەوەى ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربهێنن یان نا.
ئیبراهیم میرانى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشتر پارەى خزمەتگوزاریی کورسى خاوەنپێداویستى تایبەت لەسەر پارەى تیکیتى فڕۆکە بوو، بەڵام زیاتر لە مانگێکە جیاکراوەتەوە و ئەو خزمەتگوزارییە دراوەتە کۆمپانیاى دیکە، کە هێڵى ئاسمانیی عێراق گرێبەستی لەگەڵدا کردوون.
ئیبراهیم میرانى گوتى "ئەو کورسییانە، گەشتیارانى خاوەنپێداویستیی تایبەتیان لە شوێنى پێشوازییەوە پێدەگوێزرێتەوە بۆ نێو فڕۆکە، وەک ئەوەى پێمان گەیشتووە نرخەکەى لەنێوان 30 بۆ 40 هەزار دینارە."
کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانى عێراق لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە هەر کەسێک نایەوێت خزمەتگوزاریى کورسیی خاوەنپێداویستى تایبەت بەکرێ بگرێت، دەتوانێت کورسیى خۆى بباتە فڕۆکەخانە و بەبێ بەرامبەر، لە فڕکەکەدا بۆى دەگوێزرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى چەند کورسییەکى خاوەنپێداویستیی تایبەت لە فڕۆکەخانەى بەغدا هەن، کە بەبێ بەرامبەر بەکاردەهێنرێن.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق گوتى "گومان لەسەر هەندێک لە گرێبەستەکانى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیی عێراق هەیە و سەرۆکوەزیران فەرمانیداوە دەستەى دەستپاکى پێداچوونەوە بەو گرێبەستانە بکات بەو گرێبەستەشەوە، کە بۆ خزمەتگوزاریی کورسیی خاوەنپێداویستیی تایبەت کراوە."
هێڵى ئاسمانیى عێراق کۆمپانیایەکى حکومییە و لەلایەن دەوڵەتەوە پارەدار دەکرێت، بەراورد بە کۆمپانیاکانى دیکە، نرخى گەشتیان کەمترە.
ئەو کۆمپانیایە لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت 50%ـی پارەى گەشتەکانیان لێ وەردەگیرێت بۆ دوو گەشت لە ساڵێکدا، ئەوانەشى کە تووشى نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، 90% و بۆ خانەنشینانیش 25%ـی پارەی تیکیتی گەشتەکانیان لێ وەردەگیرێت، کە بۆ دوو گەشتە لە ساڵێکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ