حکومەتى عێراق: هێرشەکەى ئەمریکا پێگەى سەربازیى عێراقى کردووەتە ئامانج

26-12-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى عێراق رایگەیاند لە بۆردوومانەکەى سوپاى ئەمریکا کارمەندێکى هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 18ـى دیکە بریندار بوون. حکومەت سەرکۆنەى هێرشەکەی کردووە و دەڵێت "ئەوەى روویدا، کارێکى دوژمنکارانەى روونە و لە بەرژەوەندیى رێچکەى هاوبەشى درێژخایەن نییە بۆ هێنانە کایەى ئارامى و سەقامگیرى."
 
رۆژی 26ـی كانوونى یەکەمی 2023 نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیێندراوێکى لە بارەى بۆردوومانکردنى چەند بنکەیەکى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حەشدى شەعبی لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو هێرشانەدا کارمەندێکى هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 18ـی دیکە بریندارن، کە بەشێکیان هاووڵاتیى سیڤیلن.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سوودانی دەڵێت "سەرکۆنەى هێرشەکە دەکەین، کە تێیدا پێگەى سەربازیى عێراقى کراوەتە ئامانج و ئەوەى روویدا کارێکى دوژمنکارانەى روونە و لە بەرژەوەندیى رێچکەى بەرژەوەندیى هاوبەشى درێژخایەن نییە بۆ هێنانە کایەى ئارامى و سەقامگیرى."
 
لەبەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بۆردوومانانەى سوپاى ئەمریکا زیان بە پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت و رێگەى گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەرێگەى دیالۆگى هاوبەشەوە، ئاڵۆز دەکات.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت "حکومەت لە رێگەى هێزە ئەمنییەکانی و دامەزراوە دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانەوە بەرامبەر بەو کەسانە دەوەستێتەوە، کە هێرش دەکەنە سەر بارەگاى نێردە دیپلۆماسیە بیانییەکان."
 
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە بەیانیی سێشەممە، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سێ  پێگەى سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
 
ئەوە لەکاتێکدایە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن. 
 
لەو کاتەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر. 
 
هەر لەم مانگەدا، لە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکاندا، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵێک، هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

 

بارەگای حەشدی شەعبی لە بابل، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکاوە بەئامانجکرا، ڤیدیۆکە لەلایەن سەفا غانم تایبەت بۆ رووداو نێردراوە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی: تاوەکو تەممووزی داهاتوو پارەدانی کاش نامێنێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ژمارەیەک هەنگاو بگیرێنەبەر بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی سیستم و خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی. سوودانی دەیەوێت تاوەکو تەممووزی ساڵی داهاتوو پارەدانی کاش لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان نەمێنێت