پەیامنێری رووداو: دۆخی بەغدا تاڕادەیەک هێوربووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای گرژییەکانی شەوی رابردوو، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دۆخەکە تاڕادەیەک "هێوربووەتەوە"، بەڵام هێزێکی زۆر لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە. بەتایبەتی "هێزی تایبەت" لەنزیک ناوچەی سەوزی بەغدا.
 
نزیکەی چوار رۆژە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدایە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، نووری مالیکی، هادی عامری و عەممار حەکیم ئەنجامداوە. "چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ئەو هێزانە دەیانەوێت لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی تۆڵە لە ئەمریکا بکەنەوە". 
 
شەوی رابردوو بەشێک لە چەکدارانی سەر بە "عەسائیب ئەهلی حەق" بە چەک و ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆوە چوونە سەر شەقامەکان. ئەوکات پەیامنێری رووداو رایگەیاند، "مەترسیی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان دژەتیرۆری عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق هەیە". 
 
دوای ئەو گرژییانەش بە گوتەی پەیامنێری رووداو، دوای "نمایشە سەربازییەکە" جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئەو گرووپە چەکدارە کراوە. "بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، عەسائیبی ئەهلی حەق 48 کاژێر مۆڵەتیان داوەتە حکومەت تاوەکو ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بە تۆمەتی دەستهەبوون لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەستگیرکراون". 
 
هەر شەوی رابردوو، مەحموود ئەلروبەیعی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "عەسائیبی ئەهلی حەق هیچ نمایشێکی سەربازییان نەکردووە و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە ڤیدیۆی کۆنن یان هی کەسانێکن کە ئێمە نایانناسین. کەسانێکن دەیانەوێت دووبەرەکی و هەڵایەکی راگەیاندنی نادرووست بڵاو بکەنەوە. ئێمە رێز لە یاسا دەگرین و یاسا بە روونی و وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.. داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین، هۆشیار بن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان". 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەی هەموو جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکن ئەگەر پێویست بکات. دواتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڤیدیۆیەکی مستەفا کازمی بڵاوکردەوە کە سەردانی بەشێک لە گەڕەک و شەقامەکانی بەغدا دەکات.

 

 
هاوکات جەواد ئەلتولەیباوی، سەرکردەیەکی عەسائیبی ئەهلی حەقە و لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، "هەر هەوڵێکی دووبارە بۆ سووکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرگری، هەوڵێکی ئەمریکییە و بە دڵنیاییەوە شکست دەهێنێت. هەر وەک چۆن هەوڵی یەکەم شکستی هێنا، بەڵام ئێمە رێگە بە دەنگی لۆژیک و دانایی دەدەین سەربکەوێت تاوەکو ئەو کاتەی کە گونجاو بێت، ئەگەر نا ئێمەش ئامادەین".