پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای بودجە کرد کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان کرد. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، "هەموارەکە بێ ئاریشە تێ ناپەڕێت، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و جیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی و هەردوو حکومەت لەسەری رێککەتوون".
 
ئەمڕۆ سێشەممە(26-11-2024)، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی و ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵە (2023-2024-2025) کرا.
 
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارەکە دەکرێت".
 
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ـەوە راگیراوە.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "ئەو راگرتنە نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی گشتیی وڵات داوە. هەردوو حکومەت گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، ئەو بابەتە زیاتر درێژە نەکێشێت. ئەو پرۆژە بە رێککەوتن هاتووەتە پەرلەمان و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە و پەسندکراوە".
 
شوان محەممەد پێیوایە " هەموارەکە تێدەپەڕێت، بەڵام دەنگی موزایەدەش هەیە کە دەیەوێت لە هەرێمی کوردستان بدات و کێشەی بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی جەماوەری زیاد بکات".
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ  مانگێک پەسندکرا و رۆژی 9ـی مانگی دوانزە پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات. 
 
وەک شوان محەممەد باسی دەکات، تاوەکو 09-12 هەموارەکە پەسند بکرێت باشە، ئەگەریش نەکرا 9ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ دەگەڕێنەوە دەوام؛ گوتیشی "هەموارەکە بێ ئاریشە تێ ناپەڕێت؛بەڵام ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و جیدی هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەموارەکە. هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەتوون".
 
5ـی تشرینی دووەمی2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
 
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
 
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
 
هەر لە دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەماندا هەڵۆ مستەفا کاکەرەزا عەسکەری وەک وەزیری ژینگەی عێراق پەسندکرا و سوێندی دەستووری خوارد.  ئەمە بڕگەیەک بوو لە بەرنامەی کار زیادکرا.