رووداو دیجیتاڵ
لە مانگى داهاتووەوە بڕیارى بڕینى 1%ـی مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە عێراق بە پاساوی هاوکاریکردنی غەززە و لوبنان جێبەجێ دەکرێت، کە مانگانە زیاتر لە 52 ملیار دینار دەکات، ئەوانەی رازی نین بە لێبڕینەکە، ناویان لە لیستی کۆمەکبەخشان لادەدرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى حەمید عززى، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە لە 24ـی تشرینى دووەمى 2024 دەریکردووە، بڕیارى بڕینى 1%ـی مووچە و دەرماڵەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق، لە یەکى کانوونى یەکەمەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانى تایبەت بە (غەززە و لوبنان).
لە عێراق تێکڕاى پارەى پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەى خشتەى بودجەى 2024، لە ساڵێکدا 63.3 تریلیۆن دینارە، کە لە مانگێکدا دەکاتە 52.7 ملیار دینار، بڕینى 1%ـی مووچە مانگانەش دەکاتە 52 ملیار و 782 ملیۆن دینار.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارەکە تەنیا فەرمانبەرانى عێراق دەگرێتەوە و لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نابڕدرێت.
بڕینى 1%ـی مووچە بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بوو، کە لە 19ـی تشرینى دووەمی 2024 دەریکردووە، ئامانج لێى؛ هاوکاریى لوبنان و کەرتی غەززەى فەلەستینە، کە بەهۆى هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیلەوە زیانیان پێگەیشتووە.
لەو بڕیارەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیراندا هاتووە؛ بڕینى ئەو 1%ـی مووچە، وەک بەخشینى خۆویستانەیە و هەر خانەنشینێک یان فەرمانبەرێک ئامادە نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات، داوایەکى فەرمى بۆ وەزیر یان سەرۆکى دەستەکەى بەرزدەکاتەوە، تێیدا باس لەوە دەکات ویستى ئەوەى نییە کۆمەک ببەخشێت، بەمەش ناوى لە لیستى کۆمەکبەخشان لابدرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەنجوومەنى وەزیران دەسەڵاتى ئەو بڕیارەى هەیە، بەڵام پارەبەخشینەکە خۆویستانەیە."
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەو بڕە پارەیەى لە رێگەى ئەو بڕینەوە دەستی دەکەوێت، بە یەکسانى بۆ غەززە و لوبنان دەبێت، بەڵام خەرجکردنى بەگوێرەى ئەو پێوەرانە دەبێت، کە سەرۆکوەزیرانى عێراق دیاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ