نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق: ئامادەین داواکاریی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بگەیەنینە سوودانی

26-11-2023
محەممەد رەشید
عەباس سوودانی، نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق
عەباس سوودانی، نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق
نیشانەکردن خۆپێشاندانی مامۆستایان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق رایگەیاند، پشتگیریی داواکاریی مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان، گوتیشی نابێت کێشەکانی مامۆستایان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) عەباس سوودانی، نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی بووڵەتنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی بایکۆتی مامۆستایان، گوتی "پێشتر و ئێستاش هەڵوێستی خۆمان لەسەر داواکارییەکانی مامۆستایان دەربڕیوە، پشتیوانی داواکاری مامۆستایان دەکەین بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان، چونکە مامۆستایان ناتوانن لە دوای دەوام کاری دیکە بکەن و بژێویی ژیانیان دابین بکەن."
 
عەباس سوودانی، دەڵێت "نابێت مامۆستایان لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا بمێننەوە، ئەوان رۆڵەکانی ئەم وڵاتە پەروەردە دەکەن، ناشبێت ناڕەزایەتی و کێشەکانیان کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنەوە هەبێت."
 
نەقینی سەندیکای مامۆستایانی عێراق باسی لەوەشکرد، چەند ساڵێکە کێشەکانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان درێژە دەکێشێت، ئەوەش وایکردووە مامۆستایان متمانەیان بەو هەوڵانە نەبێت، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدرێن، بۆیە پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی مووچەی مامۆستایان بدۆزرێتەوە، کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە.
 
لەبارەی هەوڵەکانی سەندیکای مامۆستایانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مامۆستایان، عەباس سوودانی دەڵێت "دەرگامان بۆ مامۆستایان کراوەیە، هەرکاتێک بێنە لامان، بەوپەڕی سنگفراوانییەوە پێشوازییان لێدەکەین و داواکارییەکانیان دەگەیەنینە سەرۆک وەزیرانی عێراق و کاری جدی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان."
 
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 13ـی ئەیلوولەوە خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە سنووری پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، ماوەی دوو مانگ و 13 رۆژە مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان، هۆڵەکانی خوێندنیان بایکۆت کردووە و داوادەکەن کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و وانەبێژان بکرێنە هەمیشەیی.
 
ئەمڕۆش زیاتر لە هەزار مامۆستای ناوچە جیاوازەکان، بەڕێکەوتن بەرەو بەغدا، بۆ ئەوەی لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان رێکبخەن و داواکارییەکانیان بگەیەننە حکومەتی عێراق، بەڵام لە بازگەی چیمەن لە کەرکووک و بازگەی کوڵەجۆ لە گەرمیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە رێگرییان لێکرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە