بریندارێکی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

حەشدی شەعبی رایگەیاند، چەکدارێکیان گیانی لەدەستداوە، کە لە هێرشەکەی 22ـی تشرینی دووەمی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل بریندار ببوو، بەوەش ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی ئەمریکا گەیشتە نۆ کەس.
 
دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-11-2023) لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو رایگەیاند "گیانلەدەستدانی ماجد عەبدوڵڵا کازم شیباوی، شەهیدی پاڵەوان رادەگەیێنین، کە ئەمڕۆ بەهۆی برینە قورسەکەیەوە لەئەنجامی هێرشە ستەمکارانەکەی هەفتەی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی جورف سەخر برینداربووبوو."
 
هەروەها ئەوەشی روونکردەووەتەوە "ژمارەی شەهیدەکانمان گەیشتە 9 شەهید و هێشتا سێ برینداری دیکەشمان چارەسەر وەردەگرن."
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (22-11-2023) فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
 
هەمان رۆژ دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بوونەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە 18-10-2023ـەوە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە موقاوەمەى ئیسلامیى عێراق، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوونیانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا؛ لەو 67 هێرشە 17ـیان بە درۆن یان مووشەک کراونەتە سەر بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگەى ئەنبارى رۆژئاواى عێراق.