مامۆستایەکی گەرمیان کە 22 کەسی ئەنفالە: بەناچاری دەڕۆین بۆ داواکردنی قوتی ژیانمان لە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی گەرمیان لە بازگەی قەڵا لە کوڵەجۆی گەرمیان، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە رێگریان لێکرا، بچنە بەغدا بۆ خۆپێشاندان، مامۆستایەک کە 22 کەسی ئەنفالە دەڵێ "بەناچاری بەسەر خوێنی ئەنفال و شەهیدەکانمان دەڕۆین بۆ داواکردنی قووتی ژیانمان.''
 
مامۆستایان بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆ بگەنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، بەیانییەکی زوو کەوتنەڕێ، بەڵام لە کاژێر 06:30 هێزە ئەمنییەکانی عێراق بازگەکەیان بە ڕوویاندا داخست.
 
محەممەد حەسەن، مامۆستای وانەبێژ بە رووداوی گوت "ئێمە وەک مامۆستایانی وانەبێژ، دوای زیاتر لە 70 رۆژ خۆپشاندان و بایکۆت و خێمەهەڵدان، بەداخەوە بەهۆی گوێنەدانی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، بڕیارماندا ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکانمان بگەیەنینە مەیدانی تەحریر لە بەغدا."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی ئەرسەلان بەرلووتی کە فەرمانبەرە، گوتی "پەنا دەبەینە بەر بەغدا و لەوێ داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین مووچەکەمان بدات و، ئێستاش هاتووین، لێرە رێگریمان لێدەکرێت، لە بازگەی حکومەتی عێراقی ناهێڵن بچینە ئەودیو.''
 
مامۆستایان وایان دانابوو لە دیالە ژەمی بەیانی بخۆن، بەڵام لە بازگەکە مانەوە، هەر لەوێ ئاو و پسکیت بووە ژەمی ئەو رۆژەیان.
 
مەجید محەممەد، پێنج ساڵە مامۆستای وانەبێژە، زیاتر لە دوو مانگە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی کردووە، 22 کەس لە خێزانەکەی ئەنفالکراون و بەگوتەی خۆی، ناچاری نەبێت ئامادە نییە داوای مووچە لەو دەوڵەتە بکات کە خێزانەکەی ئەنفال کردووە.
 
مامۆستا مەجید بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ رێگەی بەغدام گرتووەتەبەر، ئەو رێگەیەی حکومەتی بەغدا دەستی هەبووە لە ئەنفالکردنمان بەتایبەتی لە گەرمیان، من وەکو کەسوکارێکی ئەنفال کە 22 کەس لە خێزانەکەم ئەنفالن، دەڕۆم، بەسەر خوێنی ئەنفال و کەسوکارە شەهیدەکانمان دەڕۆین و داوا لە بەغدا دەکەین بۆ قوتی ژیانمان.''
 
شاڵاوی ئەنفال کە مامۆستا مەجید باسی دەکات بە چەند قۆناخێک لە ساڵی 1988 ئەنجامدرا، تێیدا رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانیی ئەنفال کرد.
 
مامۆستایان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-11-2023) رێگەی بازگەی قەڵایان لە کوڵەجۆی گەرمیان داخست و، جارجار گرژی لەنێوان مامۆستایان و شۆفێران دروست دەبوو، بەڵام دواجار بە ناچاری گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
 
مامۆستایانی کەلار، رزگاری، باوەنوور و دەربەندیخان لە بازگەی قەڵا و مامۆستایانی کفریش لە بازگەی کارێز لە کفری رێگریان لێکرا و نەڕۆشتن بۆ بەغدا.