داعش لە حەمدانیە هەموو جۆرە کەلوپەلێکی نێو ماڵی بۆمبڕێژکردووە

26-11-2016
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
"لەسەر مووشەکەکان نووسراوە: لە دەوڵەتی ئیسلامی دروستکراوە"
"لەسەر مووشەکەکان نووسراوە: لە دەوڵەتی ئیسلامی دروستکراوە"
نیشانەکردن حەمدانیە شەڕی موسڵ
A+ A-
رووداو - حەمدانیە 

داعش لە قەزای  حەمدانیە هەموو جۆرە کەلوپەلێکی نێو ماڵی بۆمبڕێژکردووە، ئێستاش بەشێکی ئەو کەلوپەلانە لەلایەن تیمی ئەندازەیی عێراقەوە هەڵگیراونەتەوە و، لەنێودەبرێن.

رۆژانە ئەو چەک و تەقەمەنیانەی داعش کە دەستیان بەسەردا دەگیرێت دەبرێنە بارەگای فیرقەی نۆی زرێپۆش لە حەمدانیە، ئەمڕۆیش شەممە 26-11-2016 چەک و تەقەمەنی نوێ گەیەنراونەتە بارەگاکەی سوپا.

موەلیدە، مەنجەڵی چێشتلێنان، کۆمپیوتەر، تانکی، سۆپا، گسکی کارەبایی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکی دیکەی نێو ماڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بۆمبڕێژکراون و لەلایەن سوپای عێراقیشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لەسەر هەندێک گوللـەی وەکو گوللـەی دۆشکەش کە لە بارەگاکەدان و دەستیان بەسەردا گیراوە نووسراوە " لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە 29-9-2016 دروستکراوە".

موقەدەم لەتیف لە کەتیبەی هەڵگرتنەوەی ئەندازەیی، فیرقەی نۆی سوپای عێراق لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە ئەو کەلوپەلە بۆمبڕێژکراوانەمان لە ناوچەکانی حەمدانییە دۆزیونەتەوە، ئەمانە لەلایەن 11 چەکدارەوە بۆمبڕێژکرابوون کە هەموو ئامێرەکانی نێوماڵن و پڕکراون لە ماددەی فسفۆڕ، هەرکەسێک بە ناشارەزایی بەرزیان بکاتەوە، دەتەقنەوە".

 حەمدانیە بە دووری کەمتر لە 25 کم دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ و، زۆربەی دانیشتووانەکەی کریستیانن، لەگەڵ هاتنی داعش بۆ ئەم قەزایە خەڵکەکەی ئاوارەی باشووری کوردستان بوون. قەزای حەمدانیە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن سوپای عێراق کۆنترۆڵکرایەوە. 




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە