کارەبای نەینەوا رۆژانە بۆ 14 - 16 کاژێر کەمبووەتەوە

26-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا لە بەشێکی پارێزگای نەینەوا رۆژانە 18 بۆ 21 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبوو، بەڵام ئێستا پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە. 
 
ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا کارەبای نیشتمانی لە نەینەوا 14-16 کاژێرە.
 
سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوە کرد، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان پشت بە موەلیدە دەبەستن بۆئەوەی نەبوونی کارەبای نیشتمانی پڕبکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە 10 بۆ 12 هەزار دینارە.
 
لەنێو شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا زیاتر لە 850 موەلیدی تایبەت و لە تەواوی پارێزگاکەش زیاتر لە 2300 موەلیدەی تایبەت هەن.
 
بەگشتی لە عێراق کارەبانی نیشتمانی کەمبووەتەوە و بەرهەمهێنان زیاتر لە 7000 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. ئەوەش پێدانی کارەبای لە پارێزگان کەمکردووەتەوە.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 13-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی رۆژانەی بۆ عێراق لە 30 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردووەتەوە و بەو هۆیەوە 2200 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە."
 
سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمکردنەوەیە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "ئێران پێی راگەیاندووین کە خەریکی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گواستنەوەی گازە و وەرزی زستان نزیکبووەتەوە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە."
 
ئەحمەد عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گازەش کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆیان دابین دەکرێت، کەمی کردووە، "هەروەها وەزارەتی کارەباش سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی وێستگەکانە و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەکات".
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەو هۆکارانە وایانکردووە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق زیاتر لە 7000 مێگاوات کارەبا کەم بکات و گوتی، ئێستا نزیکەی 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
 
رۆژی 30-07-2024 زیاد عەلی، وەزیری کارەبای حکومەتی عێراق لە کاتی پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای حەیدەریە لە نەجەف رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووەتە 27 هەزار و 400 مێگاوات کارەبا کە پێشتر نزیکەی 19 هەزار مێگاوات بوو.
 
پێشتر وەزارەتی کارەبا لە عێراق رایگەیاند، لەو پەڕی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبادا پێویستییان بە 45 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری دابین بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.