وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: ئاسمانی وڵاتەکەمان بەڕووی فڕۆکەدا کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک لە داخستنی بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەدا کرایەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەدا بۆ فڕۆکەی سڤیل و ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی کرایەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 26ی تشرینی یەکەم وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بۆ کاتێکی نادیار راگرتووە.
 
رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق گوتی، گەشتی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بە شێوەیەکی کاتی راگیران، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی گەشتیاران لەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە ناوچەکە روودەدەن.
 
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە لە ئێران و سووریا هات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."
 
هەگاری گوتی، "رژمێی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بێ وچان لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە نێویاندا هێرشی راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە."
 
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند، "هێرشە ئامانجدارەکانی سەر پێگە سەربازییەکان بەرگری لەخۆکردن بوون."
 
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە دەنگی شەش تەقینەوە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە بیستراون.
 
ئێران لە 1ی تشرینی یەکەم، نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیی بە ئیسرائیلەوە نا بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەڕالێکی خۆی، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکاتەوە.