قەرەجەکان لە عێراق وەکو 'هاووڵاتیی پلە دوو' مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؛ تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانییان نییە

26-10-2023
ئەنمار غازی
دۆخی قەرەجەکان لە باشووری عێراق
دۆخی قەرەجەکان لە باشووری عێراق
نیشانەکردن قەرەجەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قەرەجەکان لە شارەکانی باشووری عێراق ناتوانن لە بازاڕەکاندا پێداویستییەکانیان بکڕن، لە دامەزراوە حکومییەکاندا دانامەزرێن و لە هیچ شوێنێکیش پێشوازییان لێ ناکرێت، هاووڵاتییەکیش دەڵێت، "ئێمە پیس نین، ئێمەش موسڵمانین، دۆخمان زۆر کارەساتبارە." 
 
لە نێو ئەو خانووە خراپانەی گوندی زهور لە باکووری پارێزگای دیوانیە، خەیری قەرەجێکی تەمەن 50 ساڵە لە گوزەرانێکی خراپ دایە، بە رووداوی گوت، "لە شارەوانی زیاتر لە 20 کەس وەک ژینگەپارێز کارمان دەکرد، بەڕێوەبەری شارەوانی هاتەلامان و گوتی ئێوە قەرەجن، ئێمەی دەرکرد. دەچمە بازاڕ بۆ کڕینی پێداویستی، بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و دەڵێن تۆ قەرەجی و کاڵات پێ نافرۆشین، باشە من پیسم؟ من پیس نیم، عێراقی و موسڵمانم، وەک ئێوە خوا و پێغەمبەر و ئالوبەیت دەناسم."
 
لەنێو ئەو خانووانەدا چیرۆکی زۆر کارەستبار هەن، داماوی و نەداری و هەژاریی بە روونی بە رووخساری هەموویانەوە دیارە، نەخۆشی جەستەی شەکەت کردوون، بەبێ ئەوەی چارەسەر وەربگرن. سواڵ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک سەرچاوەی بژێوی خێزانە قەرەجەکانی ئێرەیە.
 
دایکی نەشەوان، قەرەجێکە لە ناوچەکە و چیرۆکێکی خۆی دەگێڕێتەوە، "رۆژێك کوتاڵفرۆشێک کە زانی خەڵکی ئەم ناوچەیەم دەری کردم و پێی نەفرۆشتم، بۆیە دەستم بە گریان کرد. قەرەج هیچی نییە ، تەنانەت ئێمە ئاوی خواردنەوەمان نییە و خانوەکانمان خراپە، بە زەحمەت خواردن و خواردنەوەمان دەست دەکەوێت و دۆخمان زۆر کارەساتبارە."
 
چالاکوانەکانی شارەکە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە، بۆ ئەوەی کارتی نیشتمانی بدرێتە قەرەجەکانیش، ئەوان ناسنامەی باری شارستانی تایبەتیان هەبووە، وشەی "ئیستیسنا"ـی لەسەر نووسراوە، وەک ئاماژەیەک بەوەی هەڵاوێردکراون لە یاسای کۆنی رەگەزنامەی عێراقی، ئەمە وێڕای بۆ نزیکەی دەیە و نیوێکە منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەشن.
 
مەنار زوبێدی، چالاکوانی بواری مافی کەمینەکان و ژیانی قەرەج باس لەوە دەکات،  "لە 2016ـدا هەڵمەتەکە دەستی پێکرد، لە 2017 قوتابخانە کرایەوە دوای ئەوەی 12- 13 ساڵ بوو لە مافی خوێندن بێبەش بوون. سوپاس بۆ خودا دوای کردنەوەی قوتابخانە ئەمڕۆ نزیکەی 80 قوتابیمان هەیە، ئەوەش دەستکەوتێکی مرۆیی گەورەیە کە زۆر لایەن بەشداربوونە. 5 قوتابی شەشی سەرەتاییان تەواو کرد، چوونە نزیکترین قوتابخانەی ناوچەکە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەرجبوونیانەوە  وەرنەگیران، ئەوە وێڕای هاندانی دانیشتووانی ناوچەکە، نازانین گوناهی ئەو منداڵانە چییە؟ بۆ پاراستنی ژیانیان ئەو پێنج منداڵەمان بردە قوتابخانەیەکی دیکەی نزیک، لەوێش رووبەڕووی هەمان کێشە بوونەوە، بەڵام توانیمان لە رێگەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی دیوانیە و هەندێک لایەنی پارێزگاکە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، کچەکانمان لەو قوتابخانەیە و کوڕەکانیشمان لە قوتابخانەیەکی دیکە داناوە." 
 
خۆڵ و خاشاک و سەگی بێلانە کوڵانەکانی گوندەکەی تەنیوە، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە بەردەست نییە، تەنانەت دەرگای بنکەی تەندروستی داخراوە و  خزمەتگوزاریی نییە. 
 
قەرەجەکانی ئێرە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، گوزەران لەم گوندە زۆر سەختە و هیچ شتێک لێرە بە کەڵکی ژیان نایەت،  تەنانەت بۆ چەند کاژێرێکی کەمیش ناتوانیت بمێنیتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە