لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق کار بۆ دابەزاندنی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان لە هەوڵدایە بۆ لابردن یان یەکلاییکردنەوەی ئەو باجەی خراوەتە سەر کارتی مۆبایلی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و ئینتەرێت بۆ ئەوەی نرخەکان وەکو پێشوویان لێ بێتەوە. گوتیشی چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەت و وەزیری نوێ باسبکەن.
رۆژی چوارشەممە، 26-10-2022، ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو بابەتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیژنەکەمان لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ گەڵاڵەکردنی داواکارییەک لە وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە حکومەتی نوێ بۆ هەڵگرتنی ئەو باجەی خراوەتە سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، یان یەکلاییکردنەوەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندیی ئەوانەی لە عێراقدا کاردەکەن، چونکە دەرکەوت ئەو باجەی پێشتر سەپێنرا بووەتە قورسایی لەسەر شانی هاووڵاتییان نەوەک کۆمپانیاکانی گەیاندن."
ئیبراهیم میرانی ئاماژەی بەوە دا، لیژنەکەیان تاوەکو ئێستا دووجار کۆبووەتەوە، چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دەستبەکاربوونی وەزیری نوێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەو داواکارییە بخەنە بەردەستیان.
ئیبراهیم میرانی گوتی: "راستە لە یاسای بودجەدا چەند ساڵێکە ئەو بڕگەیە زیاد دەکرێت، بەڵام یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لەلای وەزارەتی دارایی و لە بودجەدا نییە، بەڵکو لەلای وەزارەتی گەیاندنە، چونکە دەتوانێت باجەکە بهێڵێتەوە، بەڵام بیکات بەمەرج دەبێت نرخی کارتەکان داببەزێندرێن، ئەوە جگە لەوەی لە بودجەی ساڵی 2023 نابێت ئەو بڕگەیە واتە سەپاندنی باج لەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەبێت."
پێشتر نرخێک کارتی باڵانسی پێنج هەزار دیناری بە پێنج هەزار دینار بوو، دوای باجەکە نرخەکەی بەرزبووەوە بۆ 6000 دینار و زیاتریش. جێگری سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمان دەڵێت: "دەمانەوێت نرخی کارتی مۆبایل وەکو خۆی لێبکرێتەوە."
لە ساڵی 2015ەوە بەپێی یاسای بودجە بە رێژەی 20٪ باج دەرخرێتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق و ساڵانەش لە یاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت.
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەزگای ئاماری عێراق رایگەیاند، 39 ملیۆن و 300 هەزار هاوبەشی پەیوەندیکردن هەیە و لە هەر 100 کەسدا لە عێراق 97.8 کەسیان مۆبایلیان هەیە.