27 هەزار مامەڵەى ساختەى مووچەى قوربانییانى تیرۆر لە عێراق رادەگیرێن

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

27 هەزار مامەڵەى ساختەى مووچەى قوربانییانى تیرۆر لە عێراق رادەگیرێت، کە زۆرینەیان لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار بووە و زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى بە فیڕۆ دراوە. 
 
زیا جابرى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو دۆسیانە لەسەر بنەماى وردبینى ئەمنى بووە بۆ قوربانیانى تیرۆر، کە ئاشکرایکردووە ئەو 27 هەزار مامەڵەیە ساختەن، زۆرینەى ئەو مامەڵانەش لە سنوورى پازێزگاى ئەنبار بوونە.
 
25 هەزار مامەڵەیان لە دەستەى خانەنشینى راگیراون و زیاتر لە دوو هەزارى دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەو دەستەیە لە پارێزاگاکان راگیراون. 
 
عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدان بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە: پرۆسەى وردبینى لەو دۆسیانە لە سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت بەوانەشەوە کە پێشتر کراون و لە رێگەى هاوئاهەنگى دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، پرسی وردبینى ئەمنى بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان کارا کراوە. 
 
بەگوێرەى یاسای قەرەبووى زیانلێکەوتووانى پرۆسەکانى جەنگ، هەڵەى سەربازى، کارى تیرۆریستى، ئەوانەى بەهۆى هێرشی تیرۆریستییەوە کەمئەندام دەبن، قەرەبووەکەیان بە گوێرەى رێژەى کەمئەندامبونیان دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، ئەو کەسانەشی کە بەهۆی ئەو رووداوانەوە دەکوژرێن مووچەى خانەنشینییان بۆ دەبڕدرێتەوە. 
 
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق رایگەیاند؛ وردبینى لەو دۆسیانە بەردەوامە و ئەوانەش دەگرێتەوە کە پێشتر کراون.
 
وردبینى لە دۆسیەى زیانلێکەوتووانى تیرۆر لە ساڵى 2021ـەوە دەستیپێکردووە، بە گوتەى سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدان ئەو بڕە پارەیەى بەهۆی ئەو 27 هەزار مامەڵەیە بەفیڕۆ دراوە، گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 80 ملیۆن دینار.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە