تەندروستیی نەینەوا بۆ رووداو: 113 کەس لە حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارانی رووداوەکەی قەزای حەمدانیەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی نەینەوا رایگەیاند، 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن. پێشبینیش دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران زیاتر ببێت.
بەشێک لە شایەتحاڵان کە لەگەڵ کەسوکارە بریندارەکانیان گەیشتبوونە هەولێر قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، زیاتر لە 1000 کەس لەنێو ئەو هۆڵەدا بوون و هۆکاری ئاگرەکەش یاریی ئاگرین بووە.
دانیشتووانی قەزای حەمدانیە زۆربەیان کریستیانن، فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئەو ئاهەنگەش ئاهەنگی خێزانێکی کریستیان بووە.
دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کراون بۆ چارەسەر. لەنێو ئەوانەی برینداریشن، 60 کەسیان تەندروستییان ناجێگیرە.
تیمەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لە هەولێر لە ئامادەباشیدان. پزیشکانی پسپۆڕ، نەشتەرگەری و جوانکاری گەڕاونەتەوە نەخۆشخانەکان تاوەکو چارەسەری خێرا و تەواو بۆ بریندارەکان بکرێن.
تاوەکو کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان زیاتر لە 10 بریندار گەیێندرانە هەولێر کە بەشێکیان منداڵن. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەشێک لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە. گوتیشی، ئەو بریندارانەی هاتوونەتە هەولێر، هەموویان برینەکانیان سەختن.
جونی سلێمان، برای خاوەنی هۆڵەکە کە رووداوەکە تێیدا روویداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە لە یەکێک لە سپلیتەکان، دواتر بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. دەشڵێت، چارەنووسی براکەی تاوەکو ئێستا دیارنییە و نازانن لە کوێیە.
هاوکات بەشێکی دیکەش لە شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بووە و دواتر ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە. شایەتحاڵان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بنمیچی هۆڵەکە سەندەویچ پەنەڵ بووە بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. یەکێک لەو شایەتحاڵانە کە دەستەکانی سووتاون و بە سووکی بریندار بووە، بە رووداوی گوت، بە چاوی خۆی بینیویەتی بەهۆی یاری ئاگرینەوە ئاگرەکە لە سەقفی هۆڵەکە بەربووە.
هۆڵەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردووی رووخاوەکە و پاڵەپەستۆوە بووە.
زانیاری و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان باس دەکرێت. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 82 تەرم گەیێندراونەتەوە دادپزیشکی موسڵ و 86 کەسیش بریندارن. 16 برینداریش گەیێندراوەنەتەوە هەولێر. گوتیشی زۆربەی قوربانییەکان سووتاون.
هەروەها نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 200 کەس برینداربوون. بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، تائێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، هەندێکی دیکە کەسوکاریان یەکسەر تەرمەکانیان بردووەتەوە و نەیان بردووەتە دادپزیشکی.
هاوکات بەشێک لە شایەتحاڵان کە لە هۆڵەکە بوون و قسەیان بۆ رووداو کرد دەڵێن، بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لاشەکانیان بەتەواوی سووتاوە و لەگەڵ داروپەردوودا تێکەڵ بووە.
لەلایەکی دیکەوە د. فەراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک کە سەردانی حەمدانیەی کردبوو و لە نزیک هۆڵە سووتاوەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، تیمەکانی تەندروستی دهۆک و هەولێر گەیشتوونەتە موسڵ هاوکاری تەندروستی و پزیشکیان گەیاندووە.