لە قەزای حەمدانیە ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان کەوتەوە؛ دەیان گیانلەدەستدان و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی گەورەی لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی تەندروستیی نەینەوا بۆ رووداو، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن.
عەقید سەعد حەماد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی دروستی قوربانییەکان بەردەست نییە، بەڵام بە دەیان کەس مەزەندە دەکرێن.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی نەینەوا گوتی، هۆکارەکەی بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە و هۆڵەکەش لە ساندویچ پەنێڵ دروستکراوە و بەزوویی ئاگری گرتووە.
هاوکات دکتۆر بەشار جادر، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو نەخۆشخانەکانمان ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە بریندارەکان."
بەرپرسەکەی تەندروستیی نەینەوا گوتیشی، سەرجەم ئەمبوڵانسەکانیان ناردووە بۆ شوێنی رووداوەکە و ئەو کارمەندانەیان کە لە ماڵەوەشبوون هێناویاننەتەوە سەرکار بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.
هەروەها وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن بەڕێکەوتوون و هەموو ئامادەکارییەک دەستپێکرا بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیە (قەرەقووش).
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان برینداران لە شاری هەولێر چارەسەر دەکرێن.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر رووداوەکە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا ئەنجامداوە و پێی گوتووە، هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. هاوکات وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی عێراقی راسپاردووە هاوکاری تەواوی ئەو خێزانانە بکەن کە لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
جونی سلێمان، برای خاوەنی هۆڵەکە کە رووداوەکە تێیدا روویداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە لە یەکێک لە سپلیتەکان، دواتر بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. دەشڵێت، چارەنووسی براکەی تاوەکو ئێستا دیارنییە و نازانن لە کوێیە.
هاوکات بەشێکی دیکەش لە شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بووە و دواتر ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە. شایەتحاڵان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بنمیچی هۆڵەکە سەندەویچ پەنەڵ بووە بە خێرایی ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. یەکێک لەو شایەتحاڵانە کە دەستەکانی سووتاون و بە سووکی بریندار بووە، بە رووداوی گوت، بە چاوی خۆی بینیویەتی بەهۆی یاری ئاگرینەوە ئاگرەکە لە سەقفی هۆڵەکە بەربووە.
هۆڵەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردووی رووخاوەکە و پاڵەپەستۆوە بووە.
زانیاری و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان باس دەکرێت. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 82 تەرم گەیێندراونەتەوە دادپزیشکی موسڵ و 86 کەسیش بریندارن. 16 برینداریش گەیێندراوەنەتەوە هەولێر. گوتیشی زۆربەی قوربانییەکان سووتاون.
هەروەها نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 200 کەس برینداربوون. بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، تائێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، هەندێکی دیکە کەسوکاریان یەکسەر تەرمەکانیان بردووەتەوە و نەیان بردووەتە دادپزیشکی.
هاوکات بەشێک لە شایەتحاڵان کە لە هۆڵەکە بوون و قسەیان بۆ رووداو کرد دەڵێن، بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لاشەکانیان بەتەواوی سووتاوە و لەگەڵ داروپەردوودا تێکەڵ بووە.
لەلایەکی دیکەوە د. فەراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک کە سەردانی حەمدانیەی کردبوو و لە نزیک هۆڵە سووتاوەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، تیمەکانی تەندروستی دهۆک و هەولێر گەیشتوونەتە موسڵ هاوکاری تەندروستی و پزیشکیان گەیاندووە.