محەممەد حەلبووسی: دەستلەکارکێشانەوەم کۆبوونەوەى پەرلەمان پەکناخات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەى لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان و هاوپەیمانیى سەروەرى تاوتوێ نەکردووە، دەشڵێت، "دەبووایە کۆبوونەوەى پەرلەمان لە 20ى ئەیلوول بکرێت، بەڵام لەسەر پێشنیازى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق دواخرا."
رۆژی 26ى ئەیلوولى 2022 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە دیداری رافیدەین لە بەغدا قسەی لەسەر پێشکێشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی کرد و گوتی، "مافى پەرلەمانتارانە سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن. پەسندکردنى دەستلەکارکێشانەوەکەشم یان رەتکردنەوەکەى پەیوەستە بە بۆچوونى پەرلەمانتارانەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەشم کۆبوونەوەى پەرلەمان پەکناخات."
بڕیارە رۆژی 28ى ئەیلوولى 2022 پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە، یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەى دانیشتنەکە دەستلەکارکێشانەوەى محەممەد حەلبووسی-یە لە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کە لەسەر پشکى هاوپەیمانیى سەروەرى ئەو پۆستەى وەرگرتووە.
محەممەد حەلبووسی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم ساڵەی رابردوو قورسترین ساڵ بوو لە ژیانمدا بەهۆى ململانێى سیاسیی نالۆژیکى. بوونم لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان بەسەر هاوبەشە سیاسییەکانمدا ناسەپێنم."
لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە 20ی ئەیلوول، حەلبووسی باسی لەوە کرد، دەبوو بکرایە، بەڵام بە گوتەى ئەو لەسەر پێشنیازى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکە دواخرا بەهۆى "مەترسیی روودانى دۆخێکى لەناکاو."
لە 9ى کانوونى دووەمى 2022 بۆ دووەم خولی لەسەریەک محەممەد حەلبووسی وەکو سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى سوننە هەڵبژێردرا.
لە بەشێکى دیکەى گوتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە جیاوازیى ئەزموونى بەڕێوەبردنى نێوان حیزبە کوردستانى و عەرەبییەکان کردووە و پرسیویەتی، "بۆچى حیزبە کوردستانییەکان سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنى ناوچەکانیان و حیزبە عەرەبییەکان سەرکەوتوو نەبوون؟ ئەوان توانییان نەتەوایەتییان بەسەر تایفەگەریدا زاڵ بکەن، بەڵام حیزبە عەرەبییەکان پێشتر رێزمان لە تایفە و مەزهەبەکانمان دەگرت، بەڵام نە نیشتمانیمان زاڵکردن بەسەر هەموودا و نە نەتەوایەتیمان زاڵکرد لەسەر ئاستى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان."