نووسینگەی مالیکی: لایەنەکان لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پێکهێنانی حکومەت رێککەوتوون

26-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کۆبوونەوەی پەرلەمان لە 27ی ئەم مانگە لەگەڵ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، ئەمڕۆ دووشەممە 26-09-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیوون شەوی رابردوو رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت".
 
هیشام روکابی گوتیشی: "لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە رێکەوتی 27ی ئەم مانگە، بەڵام ماوەتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەم وادەیە پەسەند بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە کار ببێتەوە و ئەو یاسایانە دەربکات کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە وەکو یاسای نەوت و گاز".
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی ئاماژەشی بەوە کرد: "رەوتی سەدر هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دا لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بەشدار نەبێت کە ئەم رێککەوتنەیان لێکەوتەوە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان بەبێ رەوتی سەدر رێککەوتن و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان پێکهێنا".
 
سەبارەت بە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنە بەشدارەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی ئاشکرای کرد: "رێککەوتنەکە خاڵی زۆری تێدایە سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەموو لایەنەکان بە شیعە و کورد و سوننەوە".
 
هیشام روکابی جەختیشی لەوە کردەوە: "حکومەتی نوێی عێراق دوای پێکهێنانی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکات، تائێستاش محەممەد شیاع سوودانی بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران".
 
دیارترین داواکارییەکانی دیکەی رەوتی سەدر و کورد و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان بریتین لە: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەرکردنی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە ناوەندی شارەکان، لەپاڵ رێگرتن لە بۆردوومانکردنی هەر ناوچەیەکی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە