کورد، شیعە و سوننە هاوپەیمانێتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ رادەگەیێنن

26-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند: "کەشتیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێکەوت".
 
هوشام رکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی درەنگی شەوی رابردوو 25-09-2022 لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "بە بەرەکەتی خودا، کەشتیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەڕێکەوت".
 
هاوکات فادی شممەری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "نووسراوی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت واژۆکرا".
 
فادی شممەری گوتیشی: "هاوپەیمانییە نوێیەکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی عەزم و سەروەری و بابلیوون پێکهاتووە".
 
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکات گوتیشی: "هیوادارین گفتوگۆکان سەبارەت بە بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار تەواو بکرێن و وادەی دەستپێکردنەوەی کار و راپەڕاندنی ئەرکە دەستوورییەکانی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان بکرێت".
 
زیاتر لە 11 مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە حکومەتی نوێ پێکنەهێندراوە. لە کاتێکدا رەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکات لەگەڵ دادگاییکردنی گەندەڵکاران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە