نەتەوە یەکگرتوەکان داواى بێ سەرشوێنەکانى سەربازگەى ئەشرەف دەکات
رووداو ـ ئەلمەدا
نووسینگەى مافەکانى مرۆڤى سەربە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لەحکومەتى عێراق کرد کار بکات بۆ دۆزینەوەى بێسەروشوێنکراوانى سەربازگەى ئەشرەف.
سەرچاوەکانى هەواڵ رایانگەیاند "بارمتەکان لەنێو عێراقدا ماونەتەوە و مەترسى دەکرێت رادەستى ئێران بکرێنەوە".
رۆبەرت کولفیل، گوتەبێژ بەناوى نووسینگەى کۆمسیارانى باڵاى مافەکانى مرۆڤ (OHCHR) لە لێدوانێکیدا، کە ماڵپەرى رێکخراوى نێودەوڵەتى بڵاویکردوەتەوە گوتى "نیگەرانین لەبەرامبەر رفاندنى حەوت ئەندامەكەى سەربازگەى ئەشڕەف".
لەسەرەتاى ئەم مانگە گرووپێکى چەکدار هەڵیانکوتایە سەر سەربازگەکەو لەئاکامدا 55 کەسیان کوژران و ژمارەیەکى زۆریشیان برینداربوون و حەوت کەسیشیان رفێنران، لەمبارەیەوە کولفیل داوایکرد کاربکرێت بۆ ئازاکردنى رفێنراوەکان.
ماڵپەڕى رێکخراوەکە راشیگەیاندوە "سەربازگەى ئەشڕەف رووبەڕووى پەلامارى سەربازى بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بکەوێتە سەرووى کارەکانى نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان، بۆ دۆزینەوەى شوێنێک بۆ نیشتەجێکردنیان".
حکومەتى عێراق رەتیکردەوە "هێزە ئەمنیەکانى دەستیان هەبووبێت لەرفاندنى حەوت ئەندامى سەربە رێکخراوى موجاهیدینى خەلق لەسەربازگەى ئەشڕەف".
رونیشیکردەوە "رێکخراوى مافى مرۆڤ رێگەى نەداوە هێزە ئەمنییەکان لیکۆڵینەوە لەرووداوەکە بکەن، رێکخراوەکەشى بە شاردنەوەى شایەت و بەڵگە و گواستنەوەى لاشەکان بۆ شوێنێکى نادیار تاوانبارکرد".
لە 12 ئایلولى 2013 سەرجەم دانیشتوانى سەربازگەى ئەشڕەف لەژێر سەرپەرشتى نەتەوە یەکگرتوەکان لەپارێزگاى دیالە گواسترانەوە سەربازگەى لیبرتى لەشارى بەغدا.