فەرمانی وەزاری بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 4000 خاوەن بڕوانامەی ماستەر دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق فەرمانی وەزاریی بۆ دامەزراندنی زیاتر لە چوار هەزار و 120 کەس لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر واژۆکرد.
ژمارەی ئەو کەسانەی دانیشتووی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن و ناویان لە لیستەکدایە 11 کەسن، گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "بەشێکیان لە زانکۆکانی حکومەت و بەشێکی دیکەیان لە وەزارەتەکان دادەمەزرێندرێن".
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ د. نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانی وەزاریی دامەزراندنی ئەوانی واژۆکرد، پێشتر و ئەمجارەش لیستەکە ژمارەیەک ناوی تێدایە کە لە دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن".
روونیشیکردەوە، "دامەزراندنی ئەو کەسانە بەپێی یاسای ژمارە 59ـی هەڵگرانی بڕوانامەکانی باڵای ساڵی 2017 و یاسای دەرچووانی یەکەمی ژمارە 67ـی ساڵی 2017یە. مەرج نییە هەموو ئەوانەی دادەمەزرێندرێن لە زانکۆکان بن، بەشێکیان دابەشدەکرێن بەسەر وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی دیکە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە لیستێکدا ناوی ئەو 4 هەزار و 129 کەسەی بڵاوکردەوە کە فەرمانی وەزاریی دامەزریاندن بۆ دەرچوو، بەشێکی زۆر کەمیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن.
دامەزراندنەکە بەزۆرینە دانیشتووانی 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراقن، ناوی خەڵکی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالەشی تێدایە.
د. نەهلە قادر، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "دامەزراندنەکە بۆ ئەو کەسانە نییە کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بۆیە زۆرینەی هەرە زۆری ناوەکان هی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن".
بەپێی بەدواداگەڕان، تەنیا 11 کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناویان لەنێو لیستەکەدایە.
وەزارەتەکە داوایکردووە ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە لە رۆژی سێشەممە، 27ـی ئابی 2024ـەوە تاوەکو 10 رۆژ، سەردانی سەنتەرەکانی رێنوێنی لە زانکۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندن، بۆ ئەوەی چوار بەڵگەنامەکە لەگەڵ خۆیاندا ببەن، لەگەڵ بەڵگەنامەی دەرچوون.
بەپێی وەزارەتەکە ریزبەندیی ناوەکان لە 1 تاوەکو 1500 سەردانی سەنتەری رێنوێنی زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا دەکەن، لە 1501 بۆ 3000 سەردانی سەنتەری رێنوێنیی زانکۆی تەکنەلۆژی دەکەن، لە 3001 تاوەکو 3565یش سەردانی سەنتەری رێنوێنی زانکۆی عێراقییە و لە 3566 تاوەکو 4129 سەردانی سەنتەری رێنوێنیی زانکۆی نەهرێن دەکەن.