فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 31 بەرپرسی باڵای عێراقی دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 36 فەرمانی دەستگیرکردن و هێنانە بەردەم دادگەی بۆ 31 بەرپرسی پلەباڵا و تایبەت دەرکردووە، "بڕی زیاتر لە 112 ملیار دینارمان لە پارەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە یان نەمانهێشتووە بەفیڕۆبچێت".
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "مانگی تەممووزی رابردوو 36 فەرمانی دەستگیرکردن و هێنانە بەردەم دادگەمان بۆ 31 بەرپرسی پلەباڵا و تایبەت دەرکردووە، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوە لە بەغدا و پارێزگاکان رەوانەی دادگە کراون".
بەپێی دەستەکە، 30 تۆمەتبار فەرمانی هێنانە بەردەم دادگە و شەشیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، دوو لەوانە وەزیری پێشوو، یەک وەزیری پێشووتر، ئەندامێکی پەرلەمان و شەش بەڕێوەبەری گشتیی ئێستا، 14 بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو و دوو بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتر، جگە لە پارێزگارێکی پێشوو و سێ پارێزگاری پێشووتر.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، لەو مانگەدا بڕی زیاتر لە 99 ملیار دینار کە دزراوە ئاشکراکراون، نزیکەی سێ ملیار دینار بەپێی بڕیاری یاسایی گەڕێندراوەتەوە، نزیکەی 10 ملیار دیناریش بەکردەیی گەڕێندراوەتەوە.