سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق: زیاتر لە 1.5 ملیۆن کرێکاری بێمۆڵەت لە عێراقدا هەن

26-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کرێکار لە عێراق بەبێ مۆڵەت کاردەکەن کە پێشتر بەناوی سەردانکردنی شوێنە پیرۆزەکانەوە هاتوون و نەگەڕاونەتەوە. گوتیشی: "دەبێ سەرجەم زیارەتکارانی ئەم ساڵ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
 
وەلید نیعمە، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەپێی پلانێکی تۆکمە لیژنەیەک لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کار بۆ گەڕانەوەی ئەو زیارەتکارانە دەکات کە بۆ رێوڕەسمەکانی چلەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق. "دەبێت لە ساڵانی رابردوو وردتر کار لەسەر گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیان وەکو پاکستان و بەنگلادیش، چونکە ئەوانە بەشێکی زۆریان ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و لە عێراق کاردەکەن، چونکە کرێیەکی باشتر لە وڵاتانی خۆیان دەستکەوێت."
 
گوتیشی: "بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کرێکار لە عێراق هەن، بەشی زۆریان بەناوی سەردانی شوێنە پیرۆزەکانەوە هاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی سەندیکاکانی کرێکاران، کرێکارانی ئەو وڵاتانە کە بەشی زۆریان لە کۆمپانیاکانی نەوت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق کاردەکەن، ناگەڕێنەوە و کاریگەریی لەسەر دەستی کاری عێراقیش کردووە.
 
وەلید نیعمە، بێمۆڵەتی کرێکارانی بە "مەترسی ئەمنی بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و باری ئابووری دەزانێت" و دەشڵێت: دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەیان بکرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمانێکی وەزاری کە 8ی ئەم مانگە دەریکردووە، دەسەڵاتی پێدانی ڤیزای بێبەرامبەری داوەتە سەرۆکی نێردە دیبلۆماسییەکان و کۆنسووڵەکانی عێراق لە ئێران و پاکستان بەو کەسانەی هەڵگری وڵاتینامەی ئەفغانستانن، ئەوانەی دەیانەوێت بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن دا سەردانی عێراق بکەن.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتنی کرێکاری بێمۆڵەت لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری، سەندیکای کرێکاران پێکهێنراوە. 
 
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران، تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 15 هەزار کرێکاری بیانیی بێمۆڵەت لە عێراق دەرکراون.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، رۆژی چلەی شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن بوو کە بۆ ئەم یادە لە وڵاتانی جیهانەوە شیعە مەزهەبەکان سەردانی عێراق دەکەن.
 
رۆژی 25ی تەممووز، هەواڵێک لەسەر زاری شودری حوسێن، وەزیری کاروباری ئاینیی پاکستانەوە بڵاوبووەوە کە گوایە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پیرانی پاکستان گوتوویەتی، لە مانگی موحەڕەمی کۆچیدا 50 هەزار پاکستانی چوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە، بەڵام دواتر لە لێدوانەکەی پاشگەز بووەوە.
 
بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، لە رۆژی 1ی ئەیلوولەوە هەر کرێکارێکی بیانی بێمۆڵەت کار بکات، رۆژانە 20 هەزار دینار سزای مادی لێدەسەنرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.